سەردێڕ:

حکومەتی ژێر عەمامە

AM:09:57:25/10/2021
5720 جار خوێندراوەتەوە
هەندرێن شێخ راغب
+ -

ئەمجارەش شیعەکان براوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون، تاکە جیاوازی ئەوەیە شیعەی عێراقی ئێرانی پاشەکشەی کردو شیعەی عێراقی تێکەڵە ھاتە پێش. 
کوردو سونە ھەریەکەو لەسەروی ٦٠ کورسیان ھێناوە، بەڵام مکۆم و یەکگرتوو نین، ئەمەش لەبەرژەوەندی شیعەیە. چوار ساڵی داھاتوو کێبڕکێی کورد ھەر لەگەڵ شیعەیە، تەنھا یاریزانەکان گۆڕاون لەناو گۆڕەپان ئەگینا کاپتنەکە ھەر یاریزانی سەرەکییە.
 کورد چوار ساڵی لەپێشە تاوەکو سیاسەتێکی تازە لەگەڵ شیعە تاقی بکاتەوە، چونکە ھەشت ساڵی رابردوو بەرامبەر شیعە دۆڕا..وەک:
پارێزگاری کەرکوکی لەدەستدا، بودجەی لەدەستدا، موچەی لەدەست دا..پێگەی بەھێزی ھەرێمی لەدەستدا، خانەقین و دووزخورماتوو لە ٥١% خاکی لەدەستدا، شیعە زۆر خراپتر لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو جەلالی و مەلایی لەناو ھەناوی کورد زیندوو کردەوە لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧..
ھێشتاش حکومەتی دروست نەکردووە گوتی پێشمەرگە میلیشیایە دەبێت ھەڵبوەشێتەوە، ئەزانی مانای چی؟ مانای ئەوەی لەبەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ نەک نابێت باسی مافی دەستوری و حەقی پێشمەرگە بکەیت، بەڵکو چەکیشت دەکەم؟؟. 
لە پۆستی سەرۆک کۆمار، تاوەکو وەزارەت و ناو پەرلەمان، تەواوی نەخشەکە پێویستی بەوەیە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. حکومەتی داھاتووی عێراقیش ھەر لەژێر عەمامەی شیعە دروست دەکرێت، بەغدا نە کڵاوی سونەو نە جامانەی کوردی حوکمی ناکات، بەڵکو عەمامەی شیعە حوکمی دەکات. لەگەڵ شیعە بزانن چیتان دەوێت، چی دەکەن. 
دەرفەتێکی دیکە بۆ کورد شکستی ئێرانە لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە، چونکە گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ شکستخواردوو شتێکەو لەگەڵ سەرکەوتوو شتێکی دیکە، ئێمە دەزانین ئێران لە دەرگا کراوەتە دەرەوە، بەڵام لەحەوشەی ماڵ دەرنەکراوە، بۆیە لە پەنجەرەوە دێتەوە ژوور.
 ئایا کورد چۆن ھاوکاری باڵانسی ئێرانی دەکات لە بەغدا؟ ئایا کورد چۆن لەگەڵ ئەمریکای دوای ھەڵبژاردن گفتوگۆ دەکات؟ 
ھەر لە ئێستاوە کە حکومەتیش دروست نەبووە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی گرنگی لەسەر عێراق و پشتیوانی کردنی عێراق دەرکرد، بۆیە دوای دروستبوونی حکومەتیش ئەم پشتیوانیە بەردەوام دەبێت، بۆیە کورد دەبێ بزانێت حکومەتی داھاتووی عێراق پشتیوانی نێودەوڵەتی ھەیە. ئاسان نیە لێی یاخی بیت.
کورد نابێت خۆی بە کەم بزانێت، بەڵام نابێت عەمامەی سەر بەغداش بە کەم بگرێت، لە ھەولێرەوە چۆن دەڕواتە بەغدا، گرنگترین شتی سیاسەتی کوردیە. لەھەولێر شەلە شەل بڕۆیت، درەنگ دەگەیت. کورد دۆسیەی سەخت چاوەڕێی دەکەن لە ناو ھۆڵی پەرلەمانی عێراق یەکێک لە دۆسیە سەختەکان کشانەوەی ئەمریکایە لە عێراق، ئەگەر حزب و لایەنە کوردیەکان باش خوێندنەوەیان بۆ چوار ساڵی داھاتووی عێراق نەبێت، دۆخی ھەرێم سەقامگیر نابێت. بەتایبەت لە روی موچەو بودجەوە.

گەلەری

‌بەپەلە