سەردێڕ:

ھەڵکشانی نرخی نەوت؛ مەترسی و ھیواکانی

PM:02:43:23/10/2021
5236 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد حسێن
+ -

بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت گەلێک پرسیاری وروژاندووە لەسەر ئاسۆ و ئاڵانگاریەکانی ئابوری عێراق و کوردستانیش. ھەندێک کەس وەک سەرتای دەرچوون لە قەیرانە داراییەکەی ٧ ساڵی رابردوو دەیبینن. ھەیشە وەک ھۆکاری درێژبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان بەغداو ھەرێم و ئینجا سەختبوونەوەی ئەو ململانێی ئەمڕۆ ھەیە لە بەغداد لەسەر پێکھێنانی حکومەتی ئایندە؛ چونکە نەوتی گران کێکەکەی دەسەڵات چەورو شیرین تر دەکات و ھێزە رکابەرەکانیش چڵێستر.
 بەڵام ئەوەی کە کاریگەریەکانی ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە رەنگرێژ دەکات چەند فاکتەرێکی ترە کە بەلای زۆرەوە وابەستەی مامەڵەو رفتاری سیاسیەکانی بەغداو ھەولێرە، نەک ئەوەی لێکەوتەو دەرەنجامێکی حەتمی بن.
بەگشتی کاریگەریەکانی گرانبوونی نەوتی خاو دەکرێت لەبەرژەوەندی خەڵک و چاکسازی ئابوری و سیاسی بێت، وەک چۆن دەکرێت لە دژیشیان بێت. پرسیاری ئەوەی کە لە بەرژەوەندی کێیەو  بۆ کێش خراپە ھەردیسان وەڵامی جیاجیا بە دوای خۆیدا دەھێنێت، چونکە ھەندێک جار ئەوی بۆ چینە دەسەڵاتدارەکەی ھەولێر و بەغدا گونجاوو راستە بۆ زۆرینەی خەڵک بەزیانە.
دەرەنجامە چاوەڕوانکراوە باشەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکرێت لەم خاڵانەدا ببینرێن:
١- داھاتی گشتی ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغدا زیاد دەکات، ئەمەش کۆتایی بەو قەیرانە داراییە دێنێت کە لە سالی ٢٠١٤ەوە دەستی پێکردووە.
٢- ھەردوو حکومەت توانای پارەدارکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنانیان زیاد دەکات و پارەی زیاتر دەخەنە بازاڕەوە. ئەمەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ چالاکیە ئابوریەکانی کەرتی تایبەت دەبوژێنێتەوە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری و خانوبەرەدا.
٣- بە گشتی پارەیەکی زیاتر دێتە عێراقەوە لەبەرامبەر ھەناردەکانی نەوتی خاوی (کە زیاتر لە ٩٨%ی ھەموو ھەناردەکانی وڵاتە)، ئەمەش متمانەو بەھای دیناری عێراقی زیاتر دەکات و تەرازووەی بازرگانی پۆزەتیڤ دەکات. ھاوکات کۆی گشتی بەرھەمی ناوخۆی و گەشەی ئابوری وڵاتەکە زیاتر دەکات.
دەرەنجامە چاوەڕوانکراوە خراپەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت:
١- بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو پاڵنەرو ویستە سیاسیە لاواز دەکات کە بۆ چاکسازی ئابوری و سیاسی ھەیە، ھەم لە بەغدا و ھەم لە ھەولێریش. چاکسازی ئابوری زۆر قورسەو بە ئازارە. ھەمیشە دەبێت لە ژێر فشاردا بکرێت. کە نەوت گران دەبێت ئەو فشارە داراییە نامێنێت کە بۆ چاکسازی پێویستە. ئەگەر چی ھەبوونی داھاتی نەوت دەکرێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ چاکسازی و برەوپێدانی کەرتی تایبەت، مێژووی ٥٠ ساڵی رابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە ھەرکات نرخی نەوت بەرزبووبێتەوە قەبارەی خەرجیەکانی بەگەڕخستنی حکومەت زیادیکردووە، حیزب و سەرکردە باڵادەستەکان لەبەر ھۆکاری سیاسی خەڵکی زیاتریان دامەزراندووە لە کەرتی گشتیدا، بڕی گەندەڵی و بە کارھێنانی سامانی گشتی بۆ فراوانکردنی نفوزی سیاسیە دەسەڵاتدارەکان زیاتر بووە.
٢- لە روی سەقامگیری سیاسیەوە، داھاتی نەوت یارمەتیدەرەوە بۆ ئەوەی ئارامیەکی رێژەیی کورتماوە دابین بکرێت، بەڵام ھەمیشە ھۆکاری ململانێی نێوان دەستەبژێرە حوکمڕانەکەیە؛ ھەربۆیە ئەگەری شەڕو ململانێ لەسەر پارەو ماڵی گشتی زیاد دەکات وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان سەرکردەکانی یەکێتی، پارتی، حیزبی دەعوەو ھەندێک لە حیزبە عێراقیەکانی تریش ھەیە. پارەی نەوت وادەکات، ئەو سیاسیانەی داھاتی گشتی و دەزگاکانی حوکمڕانی کۆنترۆڵ دەکەن نفوزی سیاسیش بۆ خۆیان مسۆگەربکەن، لێرەوە ئیتر ھەڵپەی کۆنترۆڵکرنی داھاتی نەوت و خەزێنەکانی حکومەت دەبێتە ستراتیژی سیاسیە حوکمڕانەکان.
٣- گرانبوونی نرخی نەوت دەرفەتی درێژکردنەوەی ئەم رژێمە ئابوریە کرێخۆری (Rentierism)ەی ئێستای ھەولێرو بەغدا زیاتر دەکات. ئەم رژێمە (کە توشی بنبەست و شکستێکی فرە ڕەھەند بووە) بە پاڵپشتی داھاتە زیادبووەکەی نەوت دەتوانێت تا ماوەیەکی تریش بەردەوام بێت چونکە خواستی چینە دەسەڵاتدارەکانی بەغداو ھەولێریشی لەسەرە. ئەم مۆدێلە ئابوریە رۆژ لە دوای رۆژ چینی ناوەڕاستمان بۆ بچوک دەکاتەوە و ژمارەی ھەژارەکانیش گەورەتر. لە بەرامبەردا کەمینەیەکی زۆر بچوکی کردۆتە ملیۆنێر، لەوانەی کە بەشێکن لە بنەماڵە دەسەلاتدارەکان یان شاگرد و شەریکی بازرگانیانن. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی ھەژاری لە ولاتدا دابەزیوە بۆ ٢٧%ە (لە ٣١% ی ساڵی پارەوە)، ئەمەش دەری دەخات کە نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە خوار ھێڵی ھەژارییەوەن.
زۆربەی توێژینەوەو پێشبینیەکانی ئەم دواییانە ئاماژە بەوەدەکەن کە تا سەرەتای بەھاری ساڵی داھاتوو، نەوتی خاو دەگاتە ١٠٠ دۆلار بۆ ھەر یەک بەرمیل. زۆر گرنگە ئەو داھاتە زیادەی کە بەھۆی گرانبوونی نەوتەوە دەگاتەوە ھەولێرو بەغدا لە پرۆژە ژێرخانیەکاندا خەرج بکرێت و قەرزە گشتیەکانی پێ بدرێتەوە، نەک خەڵکی زیاتری پێ دابمەزرێندرێت لە کەرتی حکومەت و لە ناو ھێزە سەربازی و ئەمنیەکاندا.

گەلەری