سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی میکانیزمێکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی خۆراک ئاشکرا کرد

PM:01:59:18/04/2022

4464 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئامانج لە هاوردەکردنی سێ ملیۆن تەن گەنم بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نرخی ماددە خۆراکییەکانە لە بازاڕدا.


ئەمڕۆ دووشەممە، مەها فازڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بڕیاری هاوردەکردنی سێ ملیۆن تەن گەنم خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە هاوردەکردنی گەنمدا پشت بەو بڕە پارەیە بەستراوە کە وەزارەتی دارایی بۆی تەرخان کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوردەکردنی ئەو بڕە گەنمە دەبێت عەمبارکردن و هەڵگرتنی تراستیجی و پێداویستی هاوڵاتییانیش پڕدەکاتەوە، جگە لەوەی چاوەڕێن وەرزی کۆکردنەوەی خەرمان بێت و دەست بە کڕینی بەرهەمی ناوخۆیش بکرن.

مەها فازڵ باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا سێ کەشتی بارهەڵگر بڕی ١٥٧ هەزار تەن گەنمیان لە ئوسترالیاوە هاوردەکردووە.

لەبارەی گرانکردنی نرخی ماددە خۆراکییەکانەوە، مەها فازڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرای کرد، هەرکەسێک نرخی ماددە خۆراکییەکان بەرز بکاتەوە، ئەوا دەست بەجێ تیمەکانی چاودێری ئاگادار بکەنەوە تا رێکاری توندی یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر.













گەلەری