سەردێڕ:

شارەزایانی ئابوری: لە کۆتایی ئەمساڵدا داهاتی نەوتی عێراق دەگاتە ١٤٠ ملیار دۆلار

PM:04:01:17/04/2022

3000 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی ئابوری عێراق پێشبینیدەکەن لە کۆتایی ئەمساڵدا داهاتی نەوت بگاتە ١٤٠ ملیار دۆلار. دەشڵێن، "پێویستە ئەم داهاتە بەفیڕۆ نەدرێت و لە پرۆژەی وەبەرهێناندا خەرجبکرێتەوە".


نەبیل ئەلعەلی شارەزا لە بواری ئابورییدا بە ماڵپەڕی دەنگی عێراقی راگەیاند، لە سەرتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە هیچ کاتێک وەک ئێستا لەباشترین دۆخی ئابوریدا نەبووە، بەشێوەیەک مانگی رابردوو بەرزترین رێژەی داهاتی تۆمار کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، گەنجینەی وەزارەتی دارایی لە داهاتوودا ئاستی داهاتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و پێشبینیدەکرێت لە کۆتای ئەمساڵدا داهاتی نەوت بگاتە ١٤٠ ملیار دۆلار ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت لە نێوان ١١٠ بۆ ١٢٠ دۆلاربێت.

نەبیل ئەلعەلی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە دهاتوودا، هەربۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی داراییدا بکرێت و پارێزگاری لەو قەبارە دارایی و داهاتە بکرێت کە ئێستا لەبەردەستدایە و لە شتێکدا خەرجنەکرێت کە هیچ سوودێکی بۆ دوڵەت نەبێت، هەربۆیە بۆ ئەوەی ئەو داهاتە بەفیڕۆ نەڕوات پێویستە لە پرۆژەی وەبەرهێناندا بەگەڕبخرێت.

باسی لەوەشکرد، پێویستە گرنگی بدرێت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە چوارچێوەی دامەزراندنی پرۆژەی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی دروست ئەمەش داهاتێکی زۆر بۆ دەوڵەت دەستەبەردەکات.

نەبیل ئەلعەلی شارەزا لە بواری ئابورییدا ئاماژی بەوەدا، کابینەکانی پێشوتری حکومەت نەیانتوانیوە سود لە زیادبوونی داهات وەربگرن و بەهۆکاری سیاسی و هەڵبژاردن خەرجییەکی زۆریان کردووە کە داهاتی نەبووە.

لەلایەن خۆیەوە، فورات موسەوی شارەزای بواری نەوت بە ماڵپەڕی دەنگی عێراقی راگەیاند، عێراق بە هەلێکی ئابوری وەبەرهێناندا تێپەڕدەبێت، بەهۆکاری ئەوەی بەتەنها پشت بە نەوت دەبەستێت.

وتیشی، چاودێرانی دۆخی ئابوری و وزە و دارایی لەو باوەڕەدان نرخی یەک بەرمیل نەوت لەسەرو ١١٠ دۆلار دەمێنێتەوە، ئەمەش هەلێکی باشە بۆ دەستخستنی داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت.

دەشڵێت، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا٢٨ ملیار دۆلار داهاتی نەوتبووە، ئەمەش بەڵگەیەکی روونە کە داهاتێکی باشتر دەست حکومەت دەکەوێت.

فورات موسەوی ئاماژەی بەوەشدا، ئەم داهاتە پێویستی بە ئیدارەدانێکی نیشتیمانی و حکومەتێک هەیە خاوەنی تەواوی دەسەڵاتەکانی بێت و ئەمەش داخوازی ئەوەیە پرۆژە کانی گەشەپێدانی پیشەسازی و ئابوری پەرەیان پێبدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، مەزهەر مەحەمەد راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاند،لە ئێستادا عێراق لە باشترین دۆخی داراییدایە لە مێژووی نوێی خۆیدا.













گەلەری