سەردێڕ:

ئیتاڵیا وەک جێگرەوەی غازی روسیا سەرچاوەیەکی نوێ بەکار دەهێنێت

PM:12:32:08/04/2022

9280 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەنیازە لەگەڵ حکومەتی لیبیادا گرێبەستێک واژۆبکات بەمەبەستی هاوردەکردنی غازی سروشتی و ئەمەش وەک جێگرەوەی غازی روسیا بەکار دەهێنێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆبرتۆ سینگولانی وەزیری گۆڕانکاری ژینگەیی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆکردنە لەگەڵ حکومەتی لیبیادا بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەستێک بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی لەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆکان بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە و چاوەڕواندەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنەکە و گرێبەستەکە واژۆبکەن.

رۆبرتۆ سینگولانی باسی لەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت بۆ ئەمساڵ ئیتاڵیا ١٠ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لە لیبیا و جەزائیر و ئازەربایجانەوە هاوردەبکات و لەساڵی ٢٠٢٤یشدا رێژەکە بۆ ٢٠ ملیار مەتر سێجا بەرزبێتەوە.

رۆبرتۆ سینگولانی وەزیری گۆڕانکاری ژینگەیی ئیتاڵیا وتیشی، ئەم هەنگاوەی وڵاتەکەی بە ئامانجی گەڕانە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی دابنیکردنی غازی سروشتی وەک جێگرەوەی روسیا.

لەلایەن خۆیەوە، چاوگێک لە سەرچاوەی هەناردەکردنی غازی سروشتی لیبیاوە ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە ئێستادا رۆژانە بڕی چوار ملیار پێ سێجا غازی سروشتی هەناردە دەکات و ٢٧٪ غازی سروشتی وڵاتەکەشی بەفیڕۆدەڕوات و دەسوتێ و بڕی ٤٩٪شی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت.

لیبیا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی هەشتەم وڵاتە لە هەبوونی یەدەگی غازی سروشتی و ئیتاڵیاش ٩٥٪ی غازی سروشتی لە لیبیاوە هاوردە دەکات و  ٤٥٪یشی لە روسیاوە دابینی دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ بەفەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەبەرامبەردا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی سزای ئابوری و بازرگانی و داراییان خستە سەر چەند کۆمپانیا و بانکێکی گەورەی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی و لە سیستمی سویفتی جیهانی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دراو بەشێوەی خێرا، کردیانە دەرەوە. لە ئێستاشدا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە زیاتر لە ٥٠٪ی رێژەی غازی سروشتیان لە روسیاوە هاوردەدەکەن سەرقاڵی گەڕانن بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکە بۆ دابین کردنی غازی سروشتی و کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی غازی سروشتی روسیا.













گەلەری