سەردێڕ:

له‌م قه‌زایه‌دا به‌هۆی خۆڵبارینه‌وه‌ پێنج كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

AM:12:42:08/04/2022

11636 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لەنەخۆشخانەی خورماتوو بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەھۆی خۆڵبارینەوە لە چەند کاتژمێرێکدا پێنج کەس گیانییان لەدەستداوه،


گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە نەخۆشخانەوە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو کەسانەی بەهۆی خۆڵبارینەکەوە گیانیان لەدەستداوە، سه‌بری قادر لوقمان ته‌مه‌نی ۸٦ ساڵه‌ و حسناوی محمد حسن ٦٧ ‌و فواد بیلال مرعي ٤٣ ساڵه و فه‌وزی عه‌بدولستار ٦٩ ساڵ و کەسێکی دیکەش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەندانی دیکە داخڵی نەخۆشخانەکان کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و تەنها لە شاری کەرکوک زیاتر لە ٨٣ کەس داخڵی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کران بەهۆی خۆڵبارینەوە. 

پسپۆڕانی تەندروستی باس لەوە دەکەن کە خۆڵبارین کاریگەری بەرچاو لەسەر مرۆڤ بەجێدەهێڵێت و بەتایبەتیش لەسەر کۆئەندامی هەناسە و لووت و چاوی مرۆڤ و خۆڵبارین بۆ چاو دەبێتە هۆی خوراندن و کزانەوەی، هەروەها هاتنە خوارەوەی ئاو بە چاودا، جگە لەوەش دەبێتە هۆی هەستیاری لە بۆ لووت و کۆئەندامی هەناسە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، بۆ ئەو کەسانەی هەستیاریی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە زیانێکی زۆری هەیە و دەبێتە هۆی کێشە بۆ هەناسەدان و ژەهراویبوونی بۆری هەوا.

خۆڵبارین کردەیەکە بەهۆی باوە دروست دەبێت و لەو ناوچانەی کە وشکن و ئاستی باران بارین تێیاندا لاوازە لە ئەنجامی راماڵینی ھەوای خاک و ھەڵواسرانی دەنکۆڵەکانی خاک یان پیسکەرە سروشتی و مرۆییەکان لە ھەوادا بە بەرزی نزیکەی ١.٥ کم لە ڕووی زەوییەوە روو دەدات.

خورماتوو شارێکی جێناکۆکە و دەکەوێتە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین نزیکەی ٣٨٪‏ی دانیشتوانەکەی له‌ پێكهاته‌ی کوردن.

دیار محەمەد، کەرکوک

 













گەلەری