سەردێڕ:

تەنها دوو رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق

PM:05:04:04/04/2022

4788 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕیوە و تەنها ماوەی دوو رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی دەستوری لەبەردەم پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڵام دوای سێ دانیشتن پەرلەمان نەیتوانی ئەو پۆستە یەکلایی بکاتەوە.


فائیق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەداوە، "دەبێت دەستوری ئێستای عێراق هەموار بکرێتەوە، چونکە هیچ بڕگەیەکی سەبارەت بە چۆڵبونی پۆستی سەرۆککۆماری تێدا نییە و بەردەوام ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەوڵیداوە بەرهەم ساڵح لەو پۆستەدا بهێڵێتەوە."

ئاشکراشیکرد، "ناهاوسەنگییەکی دەستوری هەیە لە نێوان لایەنی جێبەجێکار و یاسادانانەکان و دەستتێوەردانی دادوەری هەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئەمەش کاریکی گونجاو نییە."

باسی لەوەشکرد، هێشتا کات ماوە کە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و هەلومەرجی ئێستا پێویستی بە حکومەتی کاربەڕیکەر نییە، و "بە دووری دەزانم پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە."

لایخۆشیەوە، محەمەد شەمەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەی خستەڕوو، "ماوەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە بەسەر دەچێت و "بژاردەکان کراوەیە لە دوای کۆتاییهاتنی کاتی دەستوری و نەبوونی رێککەوتن لەگەڵ رەوتی سەدر."

ئاشکراشیکرد، "چارەسەری قەیرەنەکانی ئێستا بەندە بە رێککەوتنی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر."

ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، پەرلەمانی عێراق دوای سێ جار کۆبوونەوە شکستیهێنا لە یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.













گەلەری