سەردێڕ:

هەوڵێکی نێوەندگیری هادی عامری شکستیخوارد

AM:09:02:12/07/2021

26624 جار خوێندراوەتەوە

هەوڵێکی نێوەندگیری هادی عامری بەرپرسی گروپی هاوپەیمانی فەتح، بۆ هێورکردنەوەو راگرتنی هێرشەکانی چەند گروپێکی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئەمریکا شکستیخوارد.


هەوڵێکی نێوەندگیری هادی عامری بەرپرسی گروپی هاوپەیمانی فەتح، بۆ هێورکردنەوەو راگرتنی هێرشەکانی چەند گروپێکی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئەمریکا شکستیخوارد.

بەپێی چەند چاوگێک دوا بەدوای هێرشی میلیشیا چەکدارە عێراقییەکان بۆ سەر بارەگای عەین ئەسەد لە ئەنبار و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هادی عامری بەرپرسی گروپی هاوپەیمانی فەتح سەر بە حەشدی شەعبی لەگەڵ نوێنەرانی چەند گروپێکی حەشد نزیک لە ئێران کۆبوەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە هاوکات سەرکردەی گروپی چەکداری فەتحى سەربە حەشدی شەعبی و بە ئامادەبونی فالح فەیاز سەرۆکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی کەڕادە لە شاری بەغدا چاوی بە نوێنەرانی هەر یەک لە میلیشیای نوجەبا و سەید شوهەدا کەوت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

بەپێی چاوگێکی میدیا عێراقییەکان، لە نێو کۆبونەوەکەدا عامری فشاری لەو گروپانە کردوە بۆ ئەوەی هێرشەکانیان ڕاگرن، بەڵام ئەوان داواکەی عامریان ڕەتکردەوە.

هەر بەپێی ئەو چاوگە، عەبدولوعەزیز مەحمەداوی کە ناسراوە بە ئەبو فەدەک بەڵێنی بە هادی عامری داوە کەوا فشار بخاتە سەر گروپی حزب الله بۆ ئەوەی چی دی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان ڕابگرن.

ئەو چاوگە وتیشی، دەستپێشخەریەکەی هادی عامری شکستی هێنا و زۆرینەی ئامادەبوانی کۆبونەوەکە کەوا گروپی چەکدارین و کەسانی نزیک بوون لە قاسم سولەیمانی بەرپرسی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران.

لەلای خۆیەوە مەسر شمەری یاریدەدەری گشتی گروپی نوجەبا ڕایگەیاندووە، پیلانی جیهادیمان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا تا ڕۆژی دوایی بەردەوام دەبێت، چونکە ئەوان هێزی داگیرکەرن و دەبێت ڕوبەڕوی هێزی زۆر توند ببنەوە .

لەمانگی رابردوودا چەند جارێک لەلایەن حەشدی شەعبیەوە هێرشکرایە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە هەولێر و بنکەی عەین ئەسەد، ئەمریکاش بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشییانکردە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی.













گەلەری