سەردێڕ:

کازمی داوایەک لە لایەنە سیاسییەکان دەکات و دۆخی عێراق بە مەترسیدار ناودەبات

PM:04:57:27/03/2022

7804 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات، ھەوڵبدەن حکومەتی نوێ پێکبھێنن و رێز لە وادە دەستورییەکان و بنەماکانی دەوڵەت و پێداویستییەکانی خەڵک بگرن. ئێستای عێراقیش بە قۆناغێکی مەترسیدار ناودەبات.


مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەم هەوڵبدەن حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن و خزمەتی گەل بکەن."

مستەفا کازمی ئەم قۆناغەی عێراقی بە مەترسیدار ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "گرنگە ھەمووان پێکەوە کاربکەن و پاڵپشتی لەیەکتر بکەن، ئەوەی ئێستا پێویستە ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنین."

کازمی باسی لەوەشکردووە، "ئەمڕۆ قەیرانێکی جیھانی ھەیە کە کاریگەریی لەسەر ھەموو وڵاتان دروستکردووە، لەگەڵ ئەو قەیرانەش ناوچەکەمان بەرەوڕووی قەیرانی ئاڵۆزتر بووەتەوە بەڵام ئومێد ھەیە ئەو قەیرانانە بگۆڕین بۆ دەرفەتی سەرکەوتن".

ئاشکراشیکرد، "قەیرانی ئێستا لە عێراق، زیاتر سیاسییە و بە چارەسەرکردنی قەیرانەکەش، دەتواندرێت حکومەتێکی کارا پێکبھێندرێت کە خزمەت بە ھاوڵاتییان بکات".

لە راگەیەندراوەکەدا مستەفا کازمی بە لایەنە سیاسییەکانی وتووە، "خزمەتکردنی ھاوڵاتییان و پاراستنی نیشتمان ئەرکی سەرشانمانە ئیتر بەسە دابەشبوون پێویستە ھەمووان لە پێناو وڵاتەکەماندا کاربکەین و بەرەو بونیادنانی عێراق و ئایندەی نەوەکانمان، ھەنگاو بنێین".

ئەمەش لە کاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی عێراق هێشتا لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار و حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە رێکنەکەوتوون و دوێنێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە تایبەت بوو بەو پرسە، ئەنجامنەدرا و بەرنامەی کاری پەرلەمان گۆڕدرا.













گەلەری