سەردێڕ:

سەدر هۆشداری لە ئەگەری ئەنجامنەدانی دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان دەدات

AM:11:16:25/03/2022

18840 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر هۆشداری لە ئەگەری ئەنجامنەدانی دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان دەدات و دەڵێت، "ئەگەر دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان نەکرێت کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت."


موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، "ئەگەر دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران نەکرێت، ئەوا کۆتایی ئەنجومەنەکە دەبێت و شورەییەکی گەورەیە کە عێراق و گەلەکەی بەبێ حکومەت بەجێبھێڵدرێت."

سەدر لە تویتێکدا نووسیویەتی، "شەممە چاوەڕوانی ئەندامە سەربەخۆکان و ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانیی دەکەین، لەوەی ھەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیان ھەبێت لە پێناو گەلەکەیان کە بەوپەڕی ئارامگرتنەوە چاوەڕێی پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی چاکسازیخواز دەکەن".

سەرکردەی رەوتی سەدر داوایشی لە لایەندار و ئۆپۆزسیۆن کردووە، "دەستبخەنە ناو دەستی یەکدی لە پێناو بنیاتنانی نیشتمانێکی سەربەخۆی ئازاد کە خاوەن شکۆ و سەروەریی بێت، دوور لە داگیرکاریی، ئاساییکردنەوە و تیرۆر."

راشیگەیاندووە، "شورەییەکی گەورەیە کە عێراق و گەلەکەی بەبێ حکومەت بەجێبھێڵدرێت و کەسێک سەربەخۆیش نابێت دەستبخاتە ناو دەستی گەندەڵکاران، شورەییە بۆ کەسی سەربەخۆ کە نیشتمانەکەی بەبێ حکومەتێکی زۆرینەی چاکسازیخواز بەجێبھێڵێت، شورەییە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و حکومەتی پشکپشکێنە لە تای یەک تەرازوودا دابندرێن".

دەشڵێت، "حکومەتی داھاتوو وەکو حکومەتەکانی رابردوو نابێت، ھەر ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە بوو، تەنانەت ئەگەر دەنگیش نەدات بە رەوایی، راستگۆ و سەربەخۆیە بەپێچەوانەوە ئەوەی ئامادەی دانیشتنە نەبوو، ئەوا سەربەخۆ نییە و ئەوەش کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت".

بڕیارە سبەی شەممە ٢٦ی ئادار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی خۆی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدات کە ٤٠ کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە.













گەلەری