سەردێڕ:

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بڕیار لەدوو سکاڵای سەر بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد دەدات

AM:10:39:24/03/2022

22404 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تێڕوانین لەبارەی ئەو سکاڵایانە ئەنجام بدات کە لەسەر بەرھەم ساڵح سەرکۆماری عێراق و رێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆمار تۆمارکراون.


بەرهەم ساڵح و رێبەر ئەحمەد دوو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقن کەبڕیارە رۆژی شەممە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگیان لەسەر بدرێت.

پێشتر ھەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڤیان سەبری، شێروان دووبەردانی و رێبوار ھادی لە دادگای باڵای فیدراڵیی، سکاڵایان لەسەر بەرھەم ساڵح تۆمارکردبوو، ئەوەیش بەتۆمەتی ئەوەی کە بەرھەم ساڵح دەسەڵاتەکانی سەرکۆماری پێشێل کردووە و بڕیاری ئازادکردنی بۆ تاوانبارێکی ماددە ھۆشبەرەکان دەرکردووە.

ھەروەھا لە ماوەکانی رابردوودا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، عالییە نسەیف لە دادگای باڵای فیدراڵیی سکاڵای لەسەر رێبەر ئەحمەد تۆمار کردبوو، ئەوەیش بەتۆمەتی ئەوەی کە رێبەر ئەحمەد بەشداری لە ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧دا کردووە.

لە ١٠ی کانوونی دووەمی رابردوودا، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح بڕیاری لێبوردنی تایبەتی بۆ جەواد لوئەی یاسری، کوڕی پارێزگاری پێشووتری نەجەف دەرکرد کە ناوبراو بە بازرگانییکردن بە ماددەی ھۆشبەر تاوانبارکراوە و سزای زیندانیکردنی ھەتا ھەتایی بۆ دەرچوو، ئەو بڕیارەیش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد.

رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو پرسە کە لە سەرۆکایەتی کۆمار پێکھێنراوە، بڕیاری ئازادکردنی جەواد لوئەی یاسری کشاندەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەرەوە بڕیاری زیندانیکردنی ھەتاھەتایی بۆ دەرچوو.













گەلەری