سەردێڕ:

دەوڵەتی یاسا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمانەوە ئاشکرا کرد

PM:09:03:23/03/2022

5492 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی پارتی و سەدر و سەروەری پێکهێنانی هاوپەیمانی"رزگارکردنی نیشتیمان" و کاندیدانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران راگەیاند، دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد، بەدوری دەزانێت هاوپەیمانێتییەکە بتوانێت لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا رێژەی یاسایی تەواوبکەن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، جاسم محەمەد جەعفەر بەیاتی سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بەدوری دەزانن هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان بتوانێت لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بتوانێت رێژەی یاسایی تەواوبکات.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر هاوپەیمانێتییەک رابگەیەنرێت و بتوانێت هێزە سیاسییەکان کۆبکاتەوە کارێک زۆرباشە.

دەشڵێت، ئەمە دیدێکە بە ئاراستەی پێشنیارکردنی سازانی هێزە سیاسییەکانە.

لەبارەی راگەیاندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان بۆ هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، جاسم محەمەد جەعفەر بەیاتی ئەوەشی خستەڕوو، کێشە لەکەسەکاندا نییە کە کاندید کراون، بەڵکو کێشە لەمیکانیزمی راگەیاندنی کاندیدەکاندا هەیە.

وتیشی، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێویستە لەنێو ماڵی شیعەدا پێکبهێنرێت و دواتر لەسەر بەرنامەی حکومەت و میکانیزمی بەشداریکردن و ئیدارەدانی وڵات ئاشکرا بکرێت.

دەشڵێت، دوای ئەم هەنگاوانە دواتر دیدی گەورەترین فرکسیۆنی پەرلەمانی بخرێتە بەردەم پێکهاتەکانی دیکە و شەقامی نیشتیمانی و دید و بۆچوونی ئەوانیش گفتوگۆبکرێت و وەربگیرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، هاوپەیمانی سێ قۆڵی پارتی و هاوپەیمانی سەروەری و فراکسیۆنی سەدر پێکهێنانی "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان" یان راگەیاند کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمانین.

هاوکات، حەسەن عەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەش لەگەڵ شاندی پارتی و هاوپەیمانی سەروەری لە شاری بەغدا رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

هەر ئەمڕۆ، دوا بەدوای کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامەکەیدا کەلە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە راگەیاند، "لەبارەی پێکهێنانی فراکسیۆنی خاوەن زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمان و راگەیاندنی هەردوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی ناوازە و تاقانە دادەنێت و هیوای خواستووە بێ دواخستن حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنرێت.













گەلەری