سەردێڕ:

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای نەینەوا دۆزرایەوە

AM:10:34:22/03/2022

5480 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی موسڵ رایگەیاند، گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە تەرمی ١٤٣ کەسی تێدایە و مێژوی کوژرانەکەیان بۆ کاتی ئازادکردنەوەی شارەکە دەگەڕێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی موسڵ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، گۆڕێکی بە کۆمەڵیان لە لەگەڕەکی رەفاعی شاری موسڵ دۆزیوەتەوە کە ١٤٣ تەرمی تێدایە.

ئاماژەی بەوەشداوە، مێژووی کوژرانیان دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ئازادکردنی شاری موسڵ لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەرمەکان ناسنامەیان پێ نییە و بەشێکی زۆریان تەنها ئێسک و پروسکەکانیان ماوەتەوە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەفەرمای دادوەر گۆڕەکە بەتەواوی هەڵدراوەتەوە و بەئامادەبونی لایەنە پەیوەندیدارەکان تەرمەکان دەرهێنراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی شاری موسڵ کراون بەمەبەستی ناسینەوەی ناسنامەکانیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، بۆ یەکەمجار گۆڕێکی بەکۆمەڵی چەکدارانی داعش لە موسڵ دۆزرایەوە و بە وتەی بەرپرسانی عێراق لاشەی ٨٥ چەکداری داعش و چەند کەسێکی دیکەیان لە گۆڕەکەدا دەرهێناوە.

بەرپرسانی عێراق ئاماژەیان بەوەداوە، چەکدارەکانی داعش لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و پاککردنەوەی لە داعش لە ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٧ کوژراون.

لەو بارەیەوە حەسەن وەسیق بەرپرسی شیکاریەکانی موسڵ رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە و لە رۆژی شەممەدا لاشەی ٣٥ کەس و رۆژی یەکشەممە، لاشەی ٥٠ کەس دۆزراونەتەوە.

ئەو بەرپرسە بەهۆی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەوە تەواوی وردەکارییەکانی لەبارەی ژمارەی لاشەکان و چۆنییەتی کوژرانیان ئاشکرانەکردووە، بەڵام دەڵێت، کە گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە پشت مزگەوتێکی شاری موسڵ دۆزراوەتەوە لە ئەل ریفای.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا بۆ ئەوەی ناسنامەی چەکدارەکان بناسرێتەوە، نمونەی دی ئێن ئەیان لێوەردەگیرێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پاش رزگارکردنی موسڵ لە دەستی چەکدارانی داعش چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە و هێشتاش لێکۆڵینەوە و شیکاری بۆ دۆزینەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە بەردەوامە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە گۆرێکی بەکۆمەڵ بدۆزرێتەوە چەکدارانی داعشی تێدابێت.
















گەلەری