نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە جەنگی ئۆکراینا زۆر وێرانکەر بووە و ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە و لە ناوخۆی ئەو وڵاتدا ئاوارە بوون گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن کەس.
فلیپۆ گراندی کۆمیسەری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکیدا رایگەیاند، جەنگی ئۆکراینا ئەوەندە وێرانکەربووە ١٠ ملیۆن کەس، یان وڵاتیان جێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر، یان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون.
گراندی جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە بەهۆی ئەوانەی کە لە هەموو شوێنێکی
جیهاندا جەنگ هەڵدەگیرسێنن، هاوڵاتیانی مەدەنی ناچاردەبن ئاوارە و دەربەدەرببن و لە
ناخۆشیدا ژیان بەسەردەبەن.
لە راگەیاندراوێکدا کە دوێنێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە،
باس لەوەکراوە کە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا سێ ملیۆن و ٣٢٨ هەزار و ٦٩٢ پەنابەر
لە ئۆکرایناوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێی.
باس لەوەشکراوە، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر لە
ئۆکرایناوە چوونەتە پۆڵەندا.
هەروەها ٥١٨ هەزار و ٢٦٩ پەنابەر روویان لە رۆمانیا کردووە و ٣٥٩ هەزار و
٥٦ پەنابەر روویان لە مۆڵدۆڤا کردووە.
نزیکەی مانگێک دەبێت دوای ئەوەی پوتین فەرمانیکرد بە دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنە
سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا و باسی لەوەشکرد ئۆپەڕاسیۆنەکان بەمەبەستی
پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیە لە مەترسییەکانی ناتۆ و لەبەرامبەریشدا ئۆکرانیا و ئەوروپا
باسیان لەوەکردووە، هێرشەکانی روسیا ناڕەوان و هیچ پاساوێکیان نییە و داگیرکارییە
و چەندین سزاشیان بەسەر وڵآتەکەدا سەپاندووە.