سەردێڕ:

لەساڵیادی کارەساتی شەنگالدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم چەند پەیامێکییان بڵاوکردەوە

PM:12:41:03/08/2021

1228 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر جینۆساید و داگیرکردنی قەزای شەنگال لەلایەن گرووپی چەکداری داعشەوە، تێپەڕدەبێت، بەوبۆنەیەشەوە هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە فەسبوکی خۆی رایگەیاند، "شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و، ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەفت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت". سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران".

لەلایەکی تریشەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "دواى حه‌وت ساڵ هێشتا ئێمه‌ و ته‌واوى مرۆڤايه‌تى له‌ شۆكى ئه‌و دڕه‌نده‌يى و تاوانكارييه‌ى تيرۆرستانى داعشداين، به‌ڵام خوشك و برايانى ئێزدى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق چاوه‌ڕوانييان له‌ هه‌موومان هه‌يه‌‌ و ده‌بێ هه‌موو لايه‌ك هه‌وڵه‌كانمان چڕ بكه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر و پێداويستييه‌كانيان دابين بكه‌ين".


لای خۆشییەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ کە حەوت ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بەشێکی زۆر لە خوشک و براکانمان لە دۆخێکی خراپدا لە کەمپەکان و دوور لە زێدی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن و هیچ هەوڵێکیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە نەدراوە و سیمای ژیانی بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، ئەمەش مایەی نیگەرانی ئێمەیە و پێویستە هەموومان پێکەوە دوور لە موزایەدە و ناکۆکی خەمی جددی شەنگال بخۆین و هەوڵەکانمان لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئارامی بۆ شەنگال و خەڵکە خۆشەویستەکەی چڕ بکەینەوە".


هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە فەیسبوکی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان".

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعشو هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان. 


حەوت ساڵ بەر لە ئێستا و لەرۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، گرووپی چەکداری داعش هێرشیانکردەسەر قەزای شەنگال و سەرباری روخاندنی زۆرێک لە خانوو و بیاناکانی شارەکە و تەقاندنەوەی پەرستگا ئایینییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی قەزاکەیان کوشت و هەزاران ژن و کچی ئێزیدییان رفاند و تائێستاش چارەنووسی بەشێکیان دیار نییە.








گەلەری