جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی سەرکردەی داعشی لە ئیدلیب و دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی قاعیدەی راگەیاند و دەشڵێت، لە دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی پێشووی داعش؛ گەورەترین ئۆپەراسیۆنە.
لەدوای کوشتنی بەغدادییەوە ئەمریکا دووەم گەورەترین هێرشی کردە سەر چەکدارانی داعش و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان ئۆپەڕاسیۆنێکی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان بەسەرکەوتووییانە لە ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا لە شەوی چوارشەممە و بەیانی پێنجشەممەدا جێبەجێکردووە.
لەو بارەیەوە جۆ بایدن لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، "شەوی
ڕابردوو سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆری لە شاری ئیدلبی سوریا بەسەرکەوتوویی
ئەنجامدا و بە سوپاسەوە و
بە ئازایەتی هێزە چەکدارەکانی ئێمە، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی سەرکردەی
داعش کوژرا و لە مەیدانی شەڕ دوورخرایەوە."
جۆن کێربی وتەبێژی پنتاگۆنیش دووپاتیکردەوە، هیچ زیانێکی
گیانی لە سەربازانی سوپای ئەمریکا تۆمار نەکراوە و لەداهاتوودا وردەکاریی زیاتر
ئاشکرا دەکەن.
هەر ئەمڕۆش، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دانیشتووان و
چەند چاوگێک لەناو چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا باسیان لە هێرشی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی
ئەمەریکا کردووە لە شارۆچکەیەکی باکوری سوریا و چەند هەلیکۆپتەرێک لە ناوچەیەکی نزیک
شارۆچکەی ئەتمەی سەر بە پارێزگای ئیدلب، کە دەکەوێتە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی
سورییەوە نیشتیووەتەوە و دەنگی چەندین تەقینەوە بیستراوە لە نیزک ماڵی یەکێک لە
توندڕەوە بیانییەکان.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە
ساڵی ٢٠١٩شدا ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە
عێراق و شام (داعش) لە هێرشێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بە هاوکاری هێزەکانی هەسەدە
لە باکوری رۆژئاوای سوریا کوژرا.