سەردێڕ:

ئەردۆغان بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی لەکارەکەی دوورخستەوە

PM:07:06:29/01/2022

8256 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەوەی رێژەی هەڵئاوسانی ساڵانەی بڵاوکردبووەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکی دەستەی ئاماری نیشتیمانی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.


ئەمڕۆ شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاریدا ئەرداڵ دێنگر سەرۆكی دەستەی ئاماری نیشتیمانی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ئەوە هاتووە کە ئەو بەرپرسە ئامارەكانی هەڵئاوسانی ئابوری لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوکردبووەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەرداڵ دێنگر ئامارەكانی هەڵئاوسانی ئابوری تورکیای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، رێژەی هەڵئاوسانی ئابوری لە وڵاتەکەیدا ٣٦.١٪ی تێپەڕاندووە، کە ئەوەش بەرزترین رێژەیە لە ١٩ ساڵی رابردوودا.

پاش بڵاوکردنەوەی ئامارەکان، چەند بەرپرسێکی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باسیان لەوەکرد، ئەو ژمارەیەی ئەرداڵ بڵاویکردووەتەوە کەمترە لەوەی لە راستیدا بوونی هەیە و دەشڵێن، " تێچووی ژیان لە تورکیادا لانی کەم بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە."

لە دواتردا، ئەردۆغان بڕیاریدا ئێرهان چینکایا جێگری سەرۆکی پێشووی دەزگای رێکخەری بانکی تورکیا وەک سەرۆکی نوێی دەزگای ئاماری نیشتیمانی و شوێنگرەوەی ئەرداڵ دەستنیشان بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، هەڵئاوسان لەو وڵاتە رێژەی ٣٦٪ تێپەڕاند، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و لە ١٩ ساڵی رابردوودا ئەو رێژەیە تۆمارنەکراوە.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، لە ماوەی رابردوودا لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا کاریگەرییان هەبووە لەسەر دابەزین و بەرزبوونەوەی بەهای لیرە.

لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا، لیرە نزمترین ئاستی مێژووی خۆی تۆمارکرد کە ١٨ لیرە بەرامبەر بە دۆلارێک بوو، بەڵام دوای تەنها رۆژێک لیرە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ١٢ لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات، لە ئێستاشدا ١٣ لیرە بەرامبەرە بە یەک دۆلار.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە دادەنێن، ئەوەش بەهۆی بانگەشە بۆ ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودەوە.

دوای ئەو داواکاریانەش، ئەردۆغان رەتیکردەوە ئامادەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات و رایگەیاند، دەبێت بوەستن تاوەکو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.













گەلەری