سەردێڕ:

مافی مرۆڤ: سزای لە سێدارەدان لە ئێران لە هەڵکشاندایە

PM:06:14:26/01/2022

4368 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان لە ئێران رێکخراوە مەدەنیەکانی مافی مرۆڤ حکومەتی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن و ئەویش رەتیاندەکاتەوە.


نووسینگەی کۆمسیۆنیی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ، حاڵەتەکانی لە سێدارەدان لە ئێران بۆ رێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە بە جۆرێک لە مانگی رابردو ٤٥ حاڵەتی لە سێدارەدان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، نەنگی و ناتەواوی زۆر لە یاساکانی دادگایکردن لە ئێران هەیە. هاوکات، لەگەڵ حکومدانی ئارمان عەبدولعالی بەسزای لە سێدارەدان کە تەمەنی ١٧ ساڵە و بە دۆسیەی کوشتن تۆمەتبارە.

کازم غەریب ئابادی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لەم بارەیەوە رایگەیاند، لەسێدارەدانی تاوەنبارانی خوار ١٨ ساڵ لە ئێران کارێکی نایاسای نیە و دژی هیچ کام لەو رێکەوتنە نێودەوڵەتیانە نیە کە ئێران واژۆی کردون.

سەرباری کەمی داتا و زانیاری لەسەر لە سێدارەدان لە ئێران، راپۆرتەکانی رێخراوە مرۆییەکان گلەی لە زیادبونی رێژەکە دەکەن.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی کە لە ناوەراستی مانگی یەک بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، سەرەڕای زیادبونی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران و بڕینی ئینتەرنێت، حاڵەتەکانی لەسێدارەدان لەو وڵاتە بۆ ٢٥٤حاڵەتی ساڵانە بەرز بۆتەوە.

جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەوەشکرد، حکومەتی ئێران بە سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی و زیادکردنی سزاکانی لە سێدارەدان کۆمەڵگاکەی توشی زیانێکی گەورە دەکات.

نزام میر محەمەدی کە پارێزەرێکی دیاری ئێرانە و ماوەیەکی زۆر وەک زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئەڤين و جەوهەر دەشتبە بەسەر بردوە رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا پەلەکردنێکی زۆر هەبووە لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە پاڵ ئەشکەنجەدان و سەر کوتکردنێکی زۆری ئەو حکومەتە بۆ لایەنە ناڕازیەکان.

ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە، بە پێی راپۆرتێکی سکای نیوزی عەرەبی تا ناوەراستی مانگی ١١ ی ساڵی رابردو ٢٥٤ حاڵەتی لە سێدارەدان هەبووە و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتە لە مانگی ٧ ی ساڵی رابردووەوە ژمارەی حاڵەتەکان ٢١٠ حاڵەت بووە.













گەلەری