رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "رەوشی هاوڵاتییانی مەدەنیی لە شاری حەسەکەی سوریا زۆر نیگەران بەخشە". ئەوەش هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری هەسەدە و بە پشتیوانی هێزی هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت و هەسەدەش بەهێزی کوردەکان ناودەبات.
راڤینا شامداسانی وتەبێژی کۆمیسەری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ-ی سویسرا، رایگەیاند، "رەوشی هاوڵاتییانی مەدەنیی لە شاری حەسەکەی سوریا زۆر نیگەران بەخشە."
هاوکات، لەبارەی
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدەشەوە باسی لەوەکرد، کە "هەسەدە؛ هێزی بەرگریی
سوریان کە لەلایەن کوردەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکە بە بەشداری (هەسەدە)
و بە پشتیوانی هێزی هاوپەیمانان کە ئەمریکا رابەرایەتییان دەکات، بەڕێوەدەچن."
ئەمەش لەکاتێکدایە،
ماوەی پێنچ رۆژە روبەڕووبووەنەوەی بەردەوام لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی
ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر چەکدارانی داعش بەردەوامی هەیە و هێزەکانی
سوریای دیموکرات باسیان لەوەکردووە تا ئێستا ژمارەی ئەو چەکدار و زیندانیانەی داعش
کە خۆیان رادەست کردووە ٥٥٠ کەسی تێپەڕاندووە.
شەوی ٢٠ی ئەم
مانگە چەند چەکدارێکی داعش هێرشیانکردە سەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای
کوردستان و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کە زیندانەکە نزیکەی چوار هەزار داعشی دەستگیرکراوی
تێدایە.
سەرەتای هێرشەکە
بەم جۆرە دەستیپێکرد، کە ئۆتۆمبێلێکی سوتەمەنی لە نزیک زیندانەکە کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە،
پاشان ماتۆرسکیلێک لە تەنیشت دیواری گرتووخانەکە تەقێنرایەوە و ئۆتۆمبێلێکی بۆمب رێژکراویش
لە هەمان کاتدا تەقییەوە.
هاوکاتی تەقینەوەکان
ژمارەیەک لە چەکدرای داعش کە لە گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە خۆیان حەشاردابوو لە
ناو ماڵەکان هاتنە دەرەوە و هێرشیان کردە سەر زیندانەکە. لەماوەی پێنج رۆژی
رابردوودا، هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای
کوردستان رووبەڕووی هێرشەکان بوونەوە، بەڵام تا ئێستا شەڕ و پێکدادان بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ١٦٦ کەس بەهۆی شەڕەکەوە کوژراون و ١٤٤ کەسیان لە زیندانییان
و هێرشکەرانی داعش بوون ٤٥ کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوای کوردستان
بوون و ٧ کەسیشیان هاوڵاتی سڤیل بوون.