سەردێڕ:

لە پارتییەوە بۆ یەكێتیی؛ توانای بڕیاردانتان نییە

AM:11:48:24/01/2022

9400 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پارتی رایگەیاند، بۆیان روون بووەتەوە یەکێتی روانگەیەکی روونی نییە و توانای بڕیاردانی نییە.


دوێنێ، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی کۆبووەوە و باسی لەوەکرد، "پارتی تاکڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەکڕیزی گەلی کورد و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ھەنگاوی ناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ ھەندیک لایەنی سیاسی واژۆکردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان کاندیدێکی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەشکردووە."

لە وەڵامی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتتییدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی راشیگەیاند، یەکێتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەوان لە شاندە هاوبەشەکەیان کشاونەتەوە و پێویست بوو ئەو حزبە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار وردتر هەڵویستەی کردبا.

ئاماژەی بەوەشدا، "پۆستی سەرۆک کۆمار موڵکی کوردە و بەتەنها پشکی لایەنێکی دیاریکراو نییە، بۆیە دەبێت کاندیدێک دیاریبکرێت رەزامەندی هەموو لایەنە کوردستانییەکانی لەسەربێت."

بەگوێرەی دەستوری عێراق، کەمتر لە ٢٠ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت، پێویستیشە کاندیدەکە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەڕى بەردەوامى پارتى و یەکێتیی لەسەر پلە و پۆست و ئیمتیازاتەکان بووە لە هەرێم و بەغدا، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، لە بەغدا هەردوولایان بەشدارییان لە حکومەتەکاندا کردووە و پۆستی باڵایان وەرگرتووە، بەڵام زۆرترین سوود بۆخۆیان و کەمترین سوود بۆ هاوڵاتییان هەبووە لە بەشداریکردنەکانیان.













گەلەری