سەردێڕ:

بۆچی وەبەرھێنانی دەرەکی لە ھەرێمدا ناکرێت؟

PM:06:15:30/07/2021

3864 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی ئابوری باس لە هۆکارەکانی نەبوونی وەبەرهێنانی دەرەکی دەکات لە هەرێمدا و باس لەوەدەکات، قۆرغکردنی بازاڕ یەکێکە لە هۆکارەکان.


بەختیار تاھیر پسپۆڕیێکی ئابورییە و باس لە هۆکارەکانی نەبوونی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمدا دەکات، ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "وڵاتانی جیهان، بۆ گەشەپێدانی ئابوری وڵاتەکانیان، پەنا بۆ دوو رێگا دەبەن، قەرزکردنی ناوخۆ یان دەرەکی، یان راکێشانی وەبەرهێنەرە بیانییەکان، کە رێگەی دووەم زۆرترین گەشەی ئابوری و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لێدەکەوێتەوە."

بەختیار تاهیر دەڵێت، "هەرێمی کوردستان زیاتر لە پانزە ساڵ پێش ئێستا و لە ٤ی تەمموزی ٢٠٠٦ یاسای وەبەرهێنانی دەرکردووە، کە تیایدا ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و دەستەی وەبەرهێنانی لە هەرێم دیاری کردووە، بەڵام لەپاش پانزە ساڵ جگە لە بواری نەوت و گازی سروشتی کە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، لە کەرتەکانی دیکە هیچ وەبەرهێنەرێکی بیانی وەبەرهێنانی لە هەرێم نەکردووە ."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وڵاتێکی وەکو ئیمارات کە لەم ساڵانەی دواییدا لەرێگەی چاکسازی لە یاساکانی وەبەرهێنان و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان ئەنجامداوە لەماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی تێدا ئەنجامدراوە. بەریزبەندی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و هیندستان و چین و سعودیە و سویسرا و فەرەنسا و هۆڵەندا و ئەمەریکا و یابان لەریزبەندی زۆرترین بڕی وەبەرهێنانی بیانیدا بوون لە ئیمارات ."

روونیشیکردووەتەوە، "هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی بەرقەراری ئاسایش و بوونی کانزای جۆرا و جۆر و گونجاوی ژینگەکەی بۆ گەشتوگوزاری و بوونی هێزی کاری هەرزان و ساخبوونەوەی بەرهەمەکان بە ئاسانی و چەندین هۆکاری تر، دەتوانرێت بەئاسانی وەبەرهێنەرە بیانییەکان بهێنرێنە هەرێم و سەرمایەگوزاری لە هەرێم بکەن و لە رووی ئابوری و بەستنەوەی هەرێم بە جیهانی دەرەوە سودی زۆری دەبێت، بەڵام بەهۆی قۆرغکردنی بازاڕی و هەلی وەبەرهێنان لەلایەن حزب و کۆمپانیا حزبییەکانەوە، تاکو ئێستا نەتوانراوە بەپێی پێویست وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێم گەشەی پێ بدرێت ."








گەلەری