سەردێڕ:

ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان: شکست بە پیلانی هێرشی سەر زیندانی غوێران هێنرا

PM:10:12:23/01/2022

5136 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەڕی زیندانی غوێرانەوە هەفتەیەک قەدەغەی هاتوچۆی لە حەسەکە راگەیاند.


ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بەهۆی شەڕی زیندانی غوێرانەوە هەفتەیەک لە سەرتاسەری حەسەکە قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "شکست بە پیلانی هێرشی سەر زیندانی غوێران هێنرا و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە."

گرتوخانەی غوێران دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشی تێدایە.

لای خۆشییەوە، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش لە عێراق و سوریا لەبارەى هێرشەکانى داعش بۆ سەر بەندیخانەى غوێرانى حەسەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "هەوڵەکانى داعش بۆ بردنە دەرەوەى ئەندامانى لە بەندیخانەى غوێران هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق و ناوچەکە دروستناکات."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتی لەکاتى رووداوەکەدا ئۆپراسیۆنى چاودێرى بەڕێوەبردووە، زنجیرەیەک بۆردمانى لە ماوەى ئەو چەند رۆژەى پرۆسەکەدا ئەنجامداوە و بەوردى تیرۆستانى داعشى کردووەتە ئامانج کە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات."

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ٢٠ ئەم مانگە، ژماره‌یه‌ک چەکدارى داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان له‌به‌رده‌م زیندانی غوێران لە حەسەکە تەقاندەوە، دواتریش روبه‌ڕوی ئاسایشی و پاسه‌وانی زیندانه‌كەش‌ بونه‌وه،‌ بەو هۆیەشەوە بەشێک لە زیندانییە داعشەکان هەڵاتن و تا ئێستاش دەیان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.














گەلەری