سەردێڕ:

یەکێتیی: بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتییە بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار

PM:08:21:23/01/2022

6048 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتیی لەسەر پرسى کاندیدى سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەو حزبە مافی خۆیەتی کە پۆستی سەرۆککۆمار بە ئیستیحقاقی کورد و خۆى بزانێت، بەرهەم ساڵحیش وەک کاندیدى حزبەکە بۆ ئەو پۆستە دووپاتکرایەوە.


لە راگەیەنراوێکدا هاتووە، رۆژى٢٣ى ئەم مانگە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی کۆبووە تێدا‎ ئاماژە بەوەشکراوە، "لەم قۆناغەدا پێویستە داکۆکی تەواو لەم ئیستیحقاقەی خەڵکی کوردستان و یەکێتیی بکرێت و بپارێزرێت، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی کاندیدی یەکێتیی بۆ ئەو پۆستە، کە بەرھەم ساڵحە."

ئەوەش هاتووە، "کۆبوونەوەکە ھەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە کرد و پێی وابوو کە پارتی تاکڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەکڕیزی گەلی کورد و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ھەنگاوی ناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ ھەندیک لایەنی سیاسی واژۆکردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان کاندیدێکی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکەشکردووە."

باس لەوەشکراوە، "ئەو قسە و باسانەی کە دەوترا پارتی تەنھا کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی ھەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆڕ بەو کاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدی خۆی دەکشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشکەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەکی بووە و ئامانجی سەرەکی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆککۆمارە، دوور لە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتیی و لە چوارچێوەی رێککەوتنیان لەگەڵ ھەندێک لە لایەنەکانی تری عێراق."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ، پارتی و یەکێتیی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.

بەگوێرەی دەستوری عێراق، کەمتر لە ٢٠ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت، پێویستیشە کاندیدەکە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.













گەلەری