سەردێڕ:

ئەو کەسانەی لە هەولێر بە تۆمەتی لەشفرۆشی دەستگیرکران ئازاد دەکرێن

PM:07:32:23/01/2022

9908 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە هەولێر زیاتر لە ١٧٠ کەس بە تۆمەتی لەشفرۆشی دەستگیرکران، ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد دەکرێن و کەفیلەکانیش لە بەرامبەر کارەکەیاندا پارە وەردەگرن.


لە ١٢ی ئەم مانگەدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە شوێنێکدا کە "کاری نایاسایی و بەدەر لە ئادابی گشتی" دەکرا زیاتر لە ١٠٠ پیاو و ٧٥ ژن دەستیگیرکران.

ئەمڕۆ و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ رۆژ، بەپێی زانیارییەکان، ھەندێک لەو باندە لەشفرۆشەی کە لە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاریدا دەسگیرکرابوون بە کەفالەت ئازاد دەکرێن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، دەستگیرکراوەکان داوای کەفیلیان لێدەکرێت و دەبێت کەفیلەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسەوە ناسراوبێت.

لەسەر بابەتەکە، یەکێک لە دەسگیرکراوەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەفیلەکان بۆ دانی کەفالەتەکەیان بڕی دوو هەزار دۆلار وەردەگرن.

پێشتر، ئێن ئاڕ تی لە سۆراغێکدا ئاشکرایکرد، کە هەڵمەتی داخستنی یانە شەوانەکان لە شارەکانی هەرێم بەوجۆرە نەبووە کە حکومەت و میدیاکانی دەسەڵات بانگەشەیان بۆدەکرد بەڵکو پەیوەندی بە نەدانی باج و پارەوە هەبووە کە حکومەت بەنیازە باج لە یانە شەوانەکان وەربگرێت.

لە کاتێکدا هیچ یانەیەک مۆڵەتی نییە و زۆربەشیان کاری لەشفرۆشیان تێدا دەکرێت، بەڵام حکومەت چاوی لە پارە و باج و داهاتی ئەوانیشە و دەیەوێت لەژێر ناوی باج و پۆلێنکردنیان وەک شوێنی گەشتیاری کارەکانیان رێکبخات و زۆربەشیان کراونەتەوە و دانەخراون.

چۆمان مەحمود، هەولێر













گەلەری