تادێت ململانێ و کێبڕکێی لایەنەکان لەسەر وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی عێراق و دوورخستنەوەی لایەنە نەیارەکانیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا توندتر دەبێتەوە لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەى ئیندیپێندنت عەرەبى راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و چەند زانیارییەکی ئاشکراکردووە.
رۆژنامەى ئیندیپێندنتی عەرەبى بڵاویکردەوە، لە ساڵى ٢٠١٤ـەوە موقتەدا سەدر بەشێوەیەکى جددى کاردەکات بۆ لادان و کەنارخستنى نورى مالیکى لە گۆڕەپانى سیاسى عێراقدا و کردنە دەرەوەى لە هەموو هاوپەیمانییە سیاسییەکاندا.
ئاشکراشیکردووە، لە پێشتردا ئەو هەوڵانەى سەدر لە دژى
مالیکى سەرینەگرتووە، چونکە مالکى سەرۆکى هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا بووە و هەژموونێکى
فراوان و گەورەى بەسەر دامودەزگاکانى عێراقدا هەبووە.
ململانێکانی سەرۆکی
رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا لە دوای دوایین هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراقدا گەیشتووەتە لوتکە، بەهۆی ئەوەی سەدر دەیەوێت لە پێکهێنانی
حکومەتی نوێی عێراقدا مالیکی بەشداری پێنەکرێت.
ئیندیپێندنت ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەمجارەدا سەدر دەرفەتی
زیاتری بۆ دوورخستنەوەی مالکى لەبەردەستدایە بە تایبەت ئێستا سەدر بە توندى فشار دەخاتە
سەر سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ ئەوەى هاوپەیمانى لەگەڵ خۆى بکەن بۆ پێکهێنانى
حکومەتى ئایندەى عێراق، بەو مەرجەى هیچ پۆستێک بە مالکى نەدرێت.
لای خۆشییەوە، نوری مالیکی باسی لەوەکردبوو، چوارچێوەی هەماهەنگی
هاوپەیمانێتیەکی یەکگرتووە و پێکەوە بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردن دەدەن لە حکومەتی
عێراقدا.
دوێنێش، چوارچێوەی هەماهەنگى رایگەیاند، ئەو کەسەی بۆ سەرۆک
وەزیران دیاری دەکرێت ئەو کەسانە نابن کە پێشتر ناویان براوە، وتیشی، بۆ رێککەوتن
لەگەڵ رەوتی سەدر ئامادەنین هاوپەیمانی دەوڵەتى یاسا و سەرۆکەکەی دووربخەنەوە.