سەردێڕ:

رۆژنامەنوسێک لەسەر بەکارهێنانی پەندێک کاتژمێر ٢ی شەو دەستگیرکرا

AM:11:06:23/01/2022

6408 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی سی ئێن ئێن تورک بڵاویکردەوە، بەهۆی بەکارهێنانی پەندێکەوە دادگایەکی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس سەدیف کاباسی بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان دەرکردووە، دەشڵێت، "دەیان هەزار کەسی دیکەش لەژێر هەمان یاسادا خراونەتە زیندانەوە."


رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، کاتژمێر ٢ی بەیانی پۆلیس کاباسی دەستبەسەرکردووە و سەرەتا بردوویانە بۆ بنکەی سەرەکی پۆلیسی ئیستەنبوڵ و دواتر گواستراوەتەوە بۆ دادگای سەرەکی شارەکە.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو تۆمەتەی کاباسی لەسەر دەستبەسەرکراوە، سوکایەتیکردنە بە سەرۆکی تورکیا، ئەوەش دوای ئەوەی لەرێی پەندێکەوە کە باس لە کۆشک دەکات و لە کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆن و هەژمارە تایبەتیەکەی خۆشیەوە لە تویتەر بڵاویکردۆتەوە.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا فەهرەتین ئاڵتون لە تویتەر نوسیویەتی "سەربەرزیی ئۆفیسی سەرۆکایەتی سەربەرزیی وڵاتەکەمانە. سەرکۆنەی سوکایەتییەکان دژی سەرۆک و ئۆفیسەکەی دەکەم" ئەمەش یەکێک بوو لەو سەرکۆنەکردنانەی دژی کاباس دەستیپێکرد.

لەبەرامبەردا، مەردان یەناردەگی بەڕێوەبەری ژوری هەواڵی کەناڵی تێلێ ١، هەمان ئەو کەناڵەی کە کاباس پەندەکەی تیادا وت، بە توندی ڕەخنەی لە دەستگیرکردنی کاباس گرت و وتی، "دەستگیرکردنی لە ٢ی بەیانیدا لەسەر پەندێک جێی قبوڵکردن نیە، ئەم کارە هەوڵێکە بۆ تۆقاندنی رۆژنامەنووسان و راگەیاندن و کۆمەڵگەش."

لە وڵاتی تورکیا سوکایەتیکردن بە سەرۆکی وڵات یاسایەکی بۆ داندراوە و بەپێی یاساکە سزاکەی لە ساڵێکەوە بۆ چوار ساڵ زیندانیە.

لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردوودا دادگای باڵای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە تورکیا کرد یاساکە بگۆڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند دەستگیرکردنی کەسێک بەو یاسایە پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕینی کەسەکەیە و پێویستە مافەکانی ئازادی رادەڕبڕین پارێزراوبن.

لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس بەهۆی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغانەوە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دوای ئەوەی ئەردۆغان بووە سەرۆکی تورکیا، ١٦٠ هەزار و ١٦٩ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان کراونتەوە، ٣٥ هەزار و ٥٠٧حاڵەت هەبوون  کە  ١٢ هەزار و ٨٨١ حاڵەتیان تۆمەتبارکردنبووە.













گەلەری