سەردێڕ:

ھۆشداری توند لە کەشناسی ھەرێمەوە

PM:08:53:18/01/2022

415516 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم دەڵێت، لە سبەینێوە جارێکی دیکە بەفربارین دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و هۆشداریش دەدات، کە شەقام و رێگاوبانەکان دەیبەستێت.


ئەژی چەتۆ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە سبەینێوە پلەکانی گەرما زیاتر دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن بەهۆی ئەوەی ئاسمان لە هەورەوە بەرەو ساماڵ دەگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بەفربارین دەستپێدەکاتەوە بەهۆی کاریگەری ئەو نزمە پاڵە پەستۆیەی روو لە ناوچەکە دەکات.

باسی لەوەشکردووە، لە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن و پێشبینی دەکرێت ژمارەی پێوانەیی تۆماربکرێت لە دابەزینی پلەکانی گەرمادا.

وتەبێژی کەشناسی هۆشداریشیدا، کە شەقام و رێگاوبانەکان دەیبەستێت بەتایبەتیش لە سبەی شەودا هەور کۆدەبێتەوە و بەفر بە بەهێزی دەبارێت.

ئەژی چەتۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە سبەی شەو و دوو سبەینێدا هەرچەند بەرەو ناوچە شاخاوییەکان بڕۆین ئەگەری حاڵەتی زۆر نەخوازراو دەبێت، ئەگەر هاوڵاتییان پابەندی رێنماییەکان نەبن."

راشیگەیاند، مانگەکانی یەک و دوو ساردترین کاتەکانی ساڵن لە هەرێم، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەواوە ناتواندرێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پێشبینی بکرێت و نازانرێت کە ئایا لە مانگی داهاتوودا پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزێت یاخود نا.

 

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما شارەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و لە دوێنێدا، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی، شاری خانەقین بە ١١ پلەی سیلیزی گەرمترین ناوچەی هەرێمی کوردستان بووە و پێنجوێنیش بە ١٧پلەی ژێر سفر ساردترین ناوچەی هەرێم بووە.

دوێنێش، لە دوو راگەیەندراوى جیادا پارێزگارى سلێمانى و پارێزگارى هەڵەبجە باسیان لەوەکرد، کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پشووی فەرمیە لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەتدا لە سنوری ئەو دوو پارێزگایە، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان.

 













گەلەری