سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لەسەر داهاتەکانی هەرێم چوار پرسیار ئاڕاستەی حکومەت دەکات

PM:05:22:18/01/2022

3472 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە هەرێم تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو دابەشنەکراوە و لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان چوار پرسیار ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات.


کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەمەبەستی زانینی داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ و خاڵەسنوریەکان پرسیاریان ئاڕاستەی وەزارەتەکانی سامانە سروشتیەکان و دارایی حکومەتی هەرێم کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی خاڵە سنوریەکان و زیادبونی داهاتی ناوخۆ لە رێگای سەپاندنی باجێکی زۆر بەسەر هاوڵاتییان بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو دابەش بکرێت.

باسی لەوەشکردووە، رێژەیەیەکی زۆر لە داهاتی نەوت دیارنییە و بەشی هەرەزۆری داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکانیش نەگەڕاوەتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، چونکە پارتی و یەکێتیی بەئاشکرا و بەڕۆژی رووناک دەستیان بەسەرداگرتووە و بۆخۆیان دەیبەن.

لە ٢ی ئەم مانگەوە، حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچە کردووە و رۆژانە موچەی یەک یان دوو وەزارەت و شوێن دەدات و بەوهۆیەوە بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان موچەیان وەرنەگرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.

داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.













گەلەری