سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید: پێویستە گرێبەستی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای داناغاز هەڵبوەشێندرێتەوە

PM:04:08:18/01/2022

2940 جار خوێندراوەتەوە

سروە عەبدولواحید رایگەیاند، ئەوان جەختدەکەنەوە کە پێویستە گرێبەستی ئێستای حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی داناغاز هەڵبوەشێتەوە و گرێبەستێکی نوێ و رێککەوتنێکی نوێ بکرێت بە جۆرێک بڕێکی زیاتر غازی شل بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات.


سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بڕی ئەو غازە شلەی تا ئێستا کۆمپانیای داناغاز دابینیکردووە بۆ پێداویستی ناوخۆی کوردستان هەزار تەنە و ئەو بڕەش زۆرکەمە بۆ ئێستا و هاوتا نییە لەگەڵ ئەو خواستە زۆرەی بۆ غاز هەیە.

باسی لەوەشکردووە، هەم رێژەی دانیشتوانی کوردستان زیادیکردووە، هەم خواستیشیان بۆ بەکارهێنانی غاز کە ئێستا جگە لە سوتەمەنی ماڵان بۆ گەرمکەرەوەکان و ئۆتۆمبیلیش بە کار دەهێنرێت زیادیکردووە.

سروە عەبدولواحید دەشڵێت، "داوا دەکەین وەک چۆن بڕی بەرهەمی غازی سروشتی کۆمپانیاکە زیادیکردووە بە رادەی ٥٥%، ئەو بڕە غازە شلەش زیاد بکرێت هەر بە هەمان رادەی ٥٥% و بە نرخی دیاریکراوی فەرمی لە بازاڕەکانی کوردستاندا بفرۆشرێت."

باسی لەوەشکردووە، بەو جۆرە بڕی ئێستا کە هەزار تۆنە دەبێت بکرێتە هەزار و ٥٠٠ تۆن و بەم جۆرە کێشە و قەیرانی غازی شل لە هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ جەختیشیکردووەتەوە، ناکرێت خەڵکی کوردستان چەندین کاتژمێر لە سەرەی کڕینی بتڵێک غازدا بن، لە کاتێکدا کە داناغاز و هاوبەشەکانی بە ڕادەی ٥٥% بەرهەمیان زیادکردووە و دەشڵێت، "ئەمە ئەرکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە کە بەم گرێبەستەدا بچێتەوە و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دایبڕێژنەوە وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غاز و سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستاندا."

لەبارەی قزانجەکانی دانا غازەوە باسی لەوەشکردووە، "تەنها لە ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا، داناغاز و هاوبەشەکانی ٢٧٩ ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە لە کێڵگەکانی کۆرۆمۆر و چەمچەماڵ، ناکرێت ئێستا یارمەتیدەر نەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانی غازی شل لە کوردستاندا، ئەرکی حکومەتی هەرێمە جارێکی تر لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە رێکەوتنێکی تر بکات و بڕی غازی شل بۆ خەڵک زیاد بکات، کە پێشتر لەبەر چەند هۆکارێکی نادیار کێشەی لەگەڵ دروستکردن و دوایی ناچارکرا زیاتر لە ٢ ملیار دۆلار قەرەبوویان بداتێ."

دەشڵێت، "ئەگەر کۆمپانیای داناغاز پێداچونەوە نەکات بە گرێبەسەتەکەیدا لەگەڵ حکومەت و کيشەی غازی هاوڵاتییانی هەرێم چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئێمە لە رێی خەباتی مەدەنی و بە هەماهەنگی لەگەل هاوڵاتییابی ئەو ناوچەیەی کێڵگەکانی لێیە، هەروەها لەرێی پەرلەمانی هەرێم و پەرلەمانی عێراق، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دادگای فیدرالی عێراقی و تەواوی کەنالە یاسایی و مەدەنییەکانی ترەوە روبەروی ئەم کۆمپانیایە دەبینەوە و واز ناهێنین تا مافی هاوڵاتییانی هەرێم مسۆگەر نەکرێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، تا دێت قەیرانی غاز لە هەرێم فراوانتر دەبێت و کۆمپانیای دانا غازیش لە چەند رۆژی رابردوو وتی، بەرهەمهێنانیان بە رێژەی ٥٠٪ زیادیکردووە، لەوبارەیەوە سروە عەبدولواحیدیش داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکەی کرد.

دواتر، کۆمپانیای دانە غازیش، قسەکانى سروە عەبدولواحیدى رەتکردە و باسی لەوەکرد، بە درێژایی ١٤ ساڵى رابردوو کۆمپانیاکەیان غاز دابین دەکەن بۆ وێستگە کارەباییەکانى هەرێمى کوردستان و کە بەوهۆیەوە توانراوە ٨٠% کارەباى هەرێم دابین بکرێت.













گەلەری