سەردێڕ:

داوایەکی بەپەلە لە هاتوچۆی سلێمانییەوە

PM:11:46:17/01/2022

51700 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لە بەرنامەی پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بە گشتی ناوچە شاخاوییەکان داخراوە و چەند رێگایە داخراون، دەشڵێت، شەقامەکان بەتەواوی شەختە و بەستوون و شۆفێر توانای کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆمبێلەکەی نامێنێت.


بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لە بەرنامەی پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "لە دوێنێوە هۆشداریمان داوە بە هاوڵاتیان و دوابەدوای روونکردنەوەکانی کەشناسی و راگەیاندنی زیاتر دابەزینی پلەکانی گەرما و دروستبوونی بەستەڵک لەسەر شەقامەکان، رامانگەیاندووە دۆخەکە مەتریسدارە."

وتیشی، "هۆشداریمان داوە شۆفێریکردن لەو دۆخەدا کارەساتی هاتوچۆ دەخاتەوە و لە هەندێک شوێندا بەتەواوی بەستەڵەکە و شۆفێر ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی بکات."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمشەو و بەیانی شەقامەکان بەو جۆرە دەبێت و داوا لە شۆفێران دەکەین نەچنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و ئۆتۆمبێل بەکارنەهێنن." دەشڵێت، ئەمشەو سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان و خوێ لە هەندێک شەقام رژێندراوە، بەڵام توانای خۆگرتنی زۆر نییە و نامێنێتەوە، بۆیە خۆپارێزی باشترە.

روونیشیکردەوە، ئەگەر شۆفێران بەم جۆرەی ئێستا شۆفێری بکەن ئەوا گرفت دەبێت و توانای راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان نابێت، داواش دەکات، شۆفێران خۆیان توشی زیان نەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کەشناسی هۆشداریدا لە نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و بەستنی رێگا و بانەکان و دروستبوونی شەختە لەسەر شەقامەکاندا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین هەرێم و بەشێکی سەنتەری شارەکانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمدا ئەمڕۆ دەوامی فەرمی راگیرا و بڕیاریش دراوە، کە لە سبەینێ سێشەممەوە تاوەکو شەممەی داهاتوو؛ دەوامی فەرمی لە سەرجەم خوێندگە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بە حکومی و ناحکومییەوە؛ راگیرا.

کەشناسی هەرێمیش پێشبینی دەکات، سبەینێ سێشەممە، پلەکانی گەرما نزمتر ببنەوە و لە هەندێک ناوچە دیاردەی بەستن و شەختە لە ناوکۆڵان و شەقامەکاندا رووبدات.

هـ.ئـ













گەلەری