بەڕێوەبەری گشتی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕە پارەی هاوکاری کردنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، توانا نەجەف بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا "مانگی کانونی دووەم" بڕە پارەی هاوکاری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕەی دەرێتە خوێندکاران تا ئێستا
دیاری نەکراوە.
وتیشی، مانگانە زیاتر لە شەش ملیار دینار دەدرێتە سەرجەم
خوێندکارانی هەر چوار قۆناغی زانکۆ و هەردوو قۆناغی پەیمانگاکان.
باسی لەوەشکرد، پێدانی بڕە پارەکە تا کۆتایی خوێندنی
ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و دەدرێتە خوێندکاران.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی بەشەناوخۆییەکانەوە توانا
نەجەف بەڕێوەبەری گشتی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر
لە یەک ملیار دینار بۆ هاوکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەشەناوخۆییەکان تەرخان
کراوە.
لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی
بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم
خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.
بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لە
نێوان خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ژمارەیەک خوێندکار و چالاکوان و رۆژنامەنوس
دەستگیرکران.
لە کاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان چەند گرتە ڤیدیۆیەک
لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوکرانەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە خوێندکارانی زانکۆدەدەن و
ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری ھاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
ھەر بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران،
ھێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە ناو حەرەمی زانکۆوە و گازی فرمێسک رێژییان
بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکار ھێنا.
لە پارێزگای دھۆکیش، ھێزە ئەمنییەکان رێگەیاننەدا خوێندکاران
خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
هەروەها، بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم بە ئامانجی کۆتاییهێنان
بە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەوامیان راگرت و چەند رۆژێکییان کردە پشوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و
پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی
بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو
بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە
پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.
چۆمان مەحمود - هەولێر