سەردێڕ:

ناوچەیەکی دیکەی هەرێم دەوامی راگرت

AM:09:57:17/01/2022

7220 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی قەزای کۆیە رایگەیاند، "ئەمڕۆ پشووی فەرمیە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دام و دەزگاکانی حکومەت لە تەق تەق".


هەر ئەمڕۆش، بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی قەسرێ رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە سنوری ناحیەکە و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان بڕیار درا ئەمڕۆ بکرێت بە پشوو لە گشت دام و دەزگاکانی میری لە سنوری ناحیەکە.

ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە سنوری ناحیەکەمان و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان و ئەوشەپۆڵە سەرمایەی کەلە ناوچەکەمان هەیە، بڕیار درا ئەمڕۆ بکرێت بە پشوو لە گشت دام و دەزگاکانی میری سنوری ناحیەکەمان".

هەروەها، پارێزگاری هەڵەبجە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرەی کە رووی لە پارێزگای هەڵەبجە کردووە، ئەمڕۆ پشووی فەرمیە لەسەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگای هەڵەبجە.

لەلایەن خۆشییەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوەندی شاری سلێمانی لە سەرجەم دامودەزگاکان دەوامی فەرمی بەردەوامدەبێت.

لەبارەی ئەگەری راگرتنی دەوامی دامو دەزگاکان لەرۆژانی داهاتوودا، پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، بڕیارەکە بەندە لەسەر راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم و ئاماژەکانی دۆخی کەشوهەوا.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، مەفرەزەكانیان لە رێگـای سەرەكی (دەربەندیخان- سلێمانی) لە كاردان و چاوێری و هاوكـاری شۆفێران دەكەن ئاگاداریان کردوونەتەوە كە رێگاكە بەتەواوی گیراوە و هیچ ئۆتۆمبێلێك ناتوانێ تێپەڕێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە شەوی رابردوەوە شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستان و زۆربەی ناوچەكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە و لەسەنتەری شاریش بەفرێكی زۆر باریوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێم کردووە.

 


کـ ، ئـ













گەلەری