سەردێڕ:

جەختکردنەوەیەک لە راوێژکارێکی کازمییەوە؛ هەڵبژاردن دواناخرێت

PM:09:32:29/07/2021

4404 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن دڵنیایدا کە هەڵبژاردن لەکاری خۆیدا ئەنجامدەدرێت و جەختیش دەکاتەوە، کە هەڵبژاردن دواناخرێت بۆ کاتێکی دیکە.


حسێن هنداوی راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو بەروارەی کە حکومەت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بڕیاری لەسەردراوە لەلایەن سەرۆککۆمار و پەرلەمانەوە پاڵپشتیکراوە و دەنگی لەسەردراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کشانەوەی بەشێک لە هێزی سیاسی لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن ئاساییو، بەڵام گوزارشت لە هۆکارێکی یاسایی ناکات بۆ سڕکردنی یان دواخستنی هەڵبژاردن، چونکە لە رابردوودا ئەمە روویداوە و چەند هێزێک بەبێ دواخستنی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان کشانەونەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گونجاو بەرەو پێش دەڕوات و سەرکەوتووبووە لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، کە کۆمیسیۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوووەکان پەرەیپێداوە.

راوێژکارەکەی مستەفا کازمی راشیگەیاندووە، کۆمسیۆن لەم دواییانەدا ئامادەباشی تەکنیکی و لۆجستیکی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە لە کاتی خۆیدا دەربڕیوە و بەردەوامە لەکارەکانی و وردبینی.

ناوەڕاستی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ناکات، هەر بۆیە بۆچوونێک هەبوو کە ئەگەر هەیە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، بەڵام لە رۆژی دووشەممەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و جۆ بایدن وتی، "زۆر گرنگە بەلامانەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا بکرێت و دادپەروەرانە بێت و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت."

بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی عێراقیش ئاشکرایکردووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

لە رۆژی ٢٦ی مانگیشدا، نەتەوەیەکگرتووەکان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان و چاودێریکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، تاوەکو رێگری تەواوبکرێت لە کاری ساختەکاری.













گەلەری