سەردێڕ:

کەشناسی ساردترین ناوچەی هەرێمی ئاشکرا کرد

AM:09:55:17/01/2022

9088 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، حاجی ئۆمەران ساردترین ناوچەی هەرێمە و تیایدا ٩ پلە لە خوار سفرەوە تۆمار کراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ حاجی ئۆمەران ساردترین ناوچەی هەرێمە و تیایدا ٩ پلە لە خوار سفرەوە تۆمار کراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە پارێزگای سلێمانی ١٢ سانتیمەتر بەفر باریوە.

بەهۆی ئەو شەپۆلەی بەفربارین و سەرمایەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەی قەسرێ و سیدەکان دەوامی فەرمی سەرجەم دامودەزگاکان راگیراون و لە شارباژێر و چەند ناوچەیەکی دیکە دەوامی باخچە و پۆلەکانی ١ تا ٣ی بنەڕەتی راگیراون.

هەروەها، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوەندی شاری سلێمانی لە سەرجەم دامودەزگاکان دەوامی فەرمی بەردەوامدەبێت.

لەبارەی ئەگەری راگرتنی دەوامی دامو دەزگاکان لەرۆژانی داهاتوودا، پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، بڕیارەکە بەندە لەسەر راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم و ئاماژەکانی دۆخی کەشوهەوا.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، مەفرەزەكانیان لە رێگـای سەرەكی (دەربەندیخان- سلێمانی) لە كاردان و چاوێری و هاوكـاری شۆفێران دەكەن ئاگاداریان کردوونەتەوە كە رێگاكە بەتەواوی گیراوە و هیچ ئۆتۆمبێلێك ناتوانێ تێپەڕێت.

ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی دەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێم کردووە.

 

 

کـ ، ئـ













گەلەری