لە هەریەکە لە قەزاکانی چۆمان و مێرگەسور، بەهۆی دۆخی کەش و هەوا و بارینی بەفر و گیرانی رێگاکانەوە بڕیاردرا بە راگرتنی دەوامی پەروەردەی سنورەکە بە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانەکان و پەیمانگاکانی سەر بە پەروەردەوە.
لە راگەیاندراوێکدا قائیمقامییەتی قەزای چۆمان بڵاویکردەوە، دوای هاتنی بەفرێکی زۆر لە سنوری قەزاکەمان و هەر چوار ناحیەکان، بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی ڕۆژی دووشەممە، تاوەکو کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بەفر بارین درێژەی دەبێت و پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن."
ئەوەش هاتووە، "بەهۆی سەهۆڵ و شەختەی ڕێگاکان، لەپێناو
پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان، بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی
چۆمان بڕیارماندا ڕۆژی دووشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنوری قەزای چۆمان و هەرچوار
ناحیەی سنورمان، لەگەڵ پەیمانگای چۆمانی حکومی و ناحکومی پشوو ڕابگەینین."
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڕێوەبەری
ناحیەکان بەپێی دۆخی سنورەکانیان دەتوانن بڕیار لەسەر دەوامی فەرمانگەکانیان بدەن.
قائیمقامیەتی قەزای مێرگسوریش رایگەیاندووە، "بۆ سەلامەتی گیانیقوتابیان و مامۆستایان و روونەدانی ھیچ رووداوێکی نەخوازراو، بڕیاردرا بەوەی
سبەی دووشممە، لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنورەکەمان بکرێت بە پشوو و تاقیکردنەوەکان
دەچێتە رۆژانی دواتر."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما
رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران
رووی لە هەرێم کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆش شەپۆلێکی بەفربارین ناوشاری سلێمانی و چەند
شار و ناوچەیەکی دیکەی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بارینی بەفر بەردەوامە، ئەگەر دۆخی
کەش و هەواش بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت دەوامی سبەینێی قۆناغەکانی دیکەی خوێندن
و زانکۆکان رابگیرێت.
هـ.ئـ