سەردێڕ:

ئاگادارییەکی بەپەلە لەبارەی ئەم رێگایانەی سلێمانییەوە

PM:08:55:16/01/2022

23768 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کە رێگاکانی پردی دەباشان بەرەو کوردسات و مەلا داودە و تونێلی ئەزمەڕ دادەخرێن و چەند هاوڵاتییەک لە ئێستادا گیریان خواردووە.


لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی بڕیاریدا بە داخستنی چەند رێگایەک."

ئەوەش هاتووە، "هەریەک لە ڕێگای دەباشان لە پردی دەباشان بەرەو کوردسات و مەلا داودە و تونێلی ئەزمەڕ بەهۆی بەفربارینێکی زۆرەوە و دروستبوونی ئاستەنگ لە جموجۆڵی ئۆتۆمبێلدا لەو سنورانە دادەخرێن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی لە ئێستادا سەرقاڵی رزگارکردنی ئەو هاوڵاتییانەن کە لەو ناوچانە گیریان خواردووە، لە هەمان کاتدا تیمەکانی شارەوانی سلێمانی و ڕێگاوبان و هاتوچۆی سلێمانی بە هەماهەنگی سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکان و ڕێکخستنی ڕەوشی هاتوچۆن."

ئاماژە بەوەشكراوە، "بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەبەر دروستنەبوونی دۆخی ناهەموار و مەترسیدار لەو سنورانە داوا لە شۆفێران دەکات ڕوو نەکەنە شوێنە ناوبراوەکان."

دەشڵێت، "لەکاتی پێویستدا هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە (١٠٠)ی سەنتەری رێکخستنی پەیوەندییەکان JCC، ١٨٨ کۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانی، ١١٥ بەرگری شارستانی سلێمانی."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێم کردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆش شەپۆلێکی بەفربارین ناوشاری سلێمانی و چەند شار و ناوچەیەکی دیکەی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بارینی بەفر بەردەوامە، ئەگەر دۆخی کەش و هەواش بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت دەوامی سبەینێی قۆناغەکانی دیکەی خوێندن و زانکۆکان رابگیرێت.

هـ.ئـ













گەلەری