پەروەردەی رانیە و پشدەر بڕیاریاندا بەوەی، سبەی دەوامی سەرجەم باخچەکانی ساوایان و بازنەی یەکەمی قوتابخانەکان (پۆلەکانی ١ تا ٣ێی بنەڕەتی) رابگیرێت، لەبارەی بازنەکانی دیکەی خوێندنیشەوە ئاماژەیان بەوەکردووە، بەپێی سەختی رێگای هاتوچۆی ناوچەکان قوتابخانەکان سەرپشکن لە راگرتنی دەوام.
لە راگەیاندراوێکدا پەروەردە رانیە بڵاویکردەوە، بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەوا و ھاتنی شەپۆلێکی بەفر و سەرما بۆ سنورەکەمان پەروەردەی ڕانیە بەڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ سەلمەتی گیان و تەندروستی و فێرخوازان و مامۆستایان بڕیاریدا کە :
١- ڕاگرتنی دەوام
لە سەرجەم باخچەکانی منداڵان لە سنوری پەروەردەی ڕانیە.
٢- ڕاگرتنی دەوام
لە بازنەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری پەروەردەی ڕانیە.
لەبارەی تاقیکردنەوەکان ئەوەش هاتووە:
سبەی لە تەواوی سنوری پەروەردەی ڕانیە تاقیکردنەوەی کۆتای
وەرزی یەکەم بەپێی خشتەی ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوە دەچێت و دوا ناخرێت، بەڵام پەروەردەی ڕانیە
قوتابخانەکان لەناو گوندەکان سەرپشک دەکات لە دواخستنی تاقیکردنەوەکان لەئەگەری گۆڕانی
کەش و ھەوا.
پەروەردەی پشدەریش دەڵێت، بەهۆی نزم بونەوەی پلەی گەرماو
بارینی بەفرەوە، لە سبەینێوە دەوام سەرجەم باخچەکان
و بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتی رادەگیرێت.
ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە بازنەی دووەم و سێیەمی قۆناغی
بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەیییەکان، لەهەر شوێنێک گرفت و ئاستەنگ بۆ هاتوو چۆی
قوتابی و خوێندکار و مامۆستایان دروستبوو، تاقیکردنەوە ئەنجام مەدەن و ڕاستەوخۆ
دوای پشوو، تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما
رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی دەرما و بەفر و باران
رووی لە هەرێم کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆش شەپۆلێکی بەفربارین ناوشاری سلێمانی و چەند
شار و ناوچەیەکی دیکەی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بارینی بەفر بەردەوامە، ئەگەر دۆخی
کەش و هەواش بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت دەوامی سبەینێی قۆناغەکانی دیکەی خوێندن
و زانکۆکان رابگیرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئێوارەی ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی دەوامی
سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قۆناغی ١ و ٢ و ٣ێی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی
راگرت.
هەر ئەمشەویش چاوگێک لە پەروەردەی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ
تی راگەیاند، ئەمشەو پەروەردەی سلێمانی بڕیار لەبارەی دەوامی سبەینێی سەرجەم قۆناغەکانی
قوتابخانەکانەوە دەدات و ئەگەر دۆخی کەش و هەوا بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەوا پێدەچێت
دەوامی سبەینێ رابگیرێت و تاقیکردنەوە دوابخرێت.
چاوگێکیش لە زانکۆی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند،
ئەگەر دۆخی کەش و هەوا بەو جۆرە بێت، رەنگە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستببێت و سەرۆکایەتی
زانکۆ لە هەوڵی ئەوەدایە بڕیار لەبارەی دەوامی سبەینێوە بدات.
هـ.ئـ