سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە میانی راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢١ دا، ٣٥٣ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٢٦٠ رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی ئەنجام دراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە مەراسیمێکدا کە لە شاری سلێمانی رێکیخستبوو، راپۆرتی رەوشی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە.
لە مەراسیمەکەدا راپۆرتی چاودێریی سەنتەرەکە بڵاوکرایەوە
و تیایدا راگەیەندرا "لە ١٠ راپۆرتی رابردوودا لە ساڵەکانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٢، دوو
هەزار ٦٣٢ پێشێلکاری بەرامبەر بە دوو هەزار و ١٦٥ رۆژنامەنووس و کەناڵی راگەیاندن
کراوە کە سێ لە کەیسەکانی ئەو ماوەیە، کەیسی تیرۆرن".
لە راپۆرتەکەدا هاتبوو "وەک ژمارە، ئاستی پێشێلکاری
بەرامبەر بە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی بەڕێژەی ٪٨، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ کەمی
کردووە، ئەوە مانای ئەوە نادات کە ژینگەی کارکردن بێخەوشە، بەڵام جۆری پێشێلکارییەکان
گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەوەش بەکارهێنانی ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقییە
بۆ دۆسێکانی بڵاوکردنەوە و ئازادیی رادەربڕین."
ئامارەکانی تایبەت بە پێشێلکارییەکان لە ساڵی ٢٠٢١ دا، بەپێی
سەنتەری میترۆ جیاوازن و بەپێی راپۆرتەکەی کە دەست سەنتەری میترۆ کەوتووە لە ساڵی
رابردوودا، ٣٥٣ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٢٦٠ رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە،
کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- ١٨٩ رێگری و جیاکاری.
- ٨١ هێرش و لێدان
و سووکایەتی.
-٢٥دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا.
- ٢٥ کەیسی زەوتکردنی
کەلوپەلی رۆژنامەڤانی.
- ١٣ کەیسی هەڕەشەکردن.
- حەوت کەیسی
شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی.
- یەک کەیسی تەقەکردن
لە رۆژنامەنووسان.
- چوار کەیس و
حاڵەتی رۆژنامەنووسی حکومدراو بەدەر لە یاسای کاری رۆژنامەگەری.
- دوو کەیسی هەڵکوتانە
سەر و داخستنی بارەگای کەناڵەکان.
هـ.ئـ