بەفربارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و بەوهۆیەشەوە بەشێک لە رێگاوبانەکان داخراون یان ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروستبووە و پەروەردەی چۆمانیش ئەو قوتابخانانە ئاگادار دەکاتەوە کە کێشەی هاتوچۆیان هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەریم کەیفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، بەهۆی زۆری بەفربارینەوە ھاتوچۆ لە رێگاکانی حاجی ئۆمەران – چۆمان، رێگەی نێوان ئیدارەی راپەرین - سۆران، ناحیەی سیدەکان - سۆران بەتەواوی پەکی کەوتووە و ھاتوچۆ تێیدا وەستاوە.
هاوکات، پەروەردەی
چۆمان قوتابخانەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاگادارکردووەتەوە، بەھۆی بارینی بەفر
و سەختی رێگا ھەر قوتابخانەیەک کێشەی ھاتوچۆی ھەیە بەزووترین کات پەیوەندی بە بەرێوەبەرایەتەکەمان
بکات بۆ ئەوەی ھاوکاری بکرێت و تاقیکردنەوەکانی دوابخرێت.
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی
گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە،
لە ئێستادا لەسەر زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و هەندێک قەزا و ناحیەی نزیک
ناوچە شاخاوییەکان بەفر باریوە، دەشڵێت، پلەکانی گەرما دابەزینی زیاتر بەخۆیانەوە
دەبینن.
ئەمەش لەکاتێکدایە،
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگای دەربەندی
گۆمەسپان بۆسەر چیای سەفین و کەپکی گەرۆتە لە قەزای پیرمام داخست و هۆشداری دا بە
شۆفێران بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی رێگای تەواونەکراوی تونێلی ماوەران کە قەزای
شەقڵاوە و هەریر بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە.
کەریم کەیفی، سۆران