سەردێڕ:

لیستێکی نوێی موچە

PM:03:10:16/01/2022

171368 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٢٠ رۆژە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچە کردووە و هێشتا چەندین شوێن موچەیان وەرنەگرتووە، سستی لە دابەشکردنی موچەش لەکاتێکدایە نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە و کۆی ئەو داهاتەی حکومەت لە فرۆشتنی نەوتەوە مانگانە دەستی دەکەوێت زیاتر لە ملیارێک دۆلارە.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەینێ دووشەممە، موچەی وەزارەتی ئەوقاف، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەستپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین دابەش دەکرێت.

دابەشکردنی موچە لە رۆژی ٢ی مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی لیستێکی تەواوەتی بۆ موچە بڵاونەکردووەتەوە و دابەشکردنی موچە بە خاوی بەڕێوەدەچێت. جگە لەوەی ئەو موچەیەی دابەشدەکرێت موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووە.

لە پێشتردا، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، وەزارەتی دارایی ھەرێم سێ جار گۆڕانکاری لە لیستی موچەدا دەکرد و ھەر جارە و ناوی چەند وەزارەتێک دەبرد. لە ئێستاشدا حکومەتی ھەرێم ھەر رۆژەی موچەی یەک یان دوو دەستە و وەزارەت و شوێن دابەشدەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ھەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.

داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری