سەردێڕ:

ئاگادارییەک لە کەشناسییەوە

AM:12:00:16/01/2022

327764 جار خوێندراوەتەوە

كەشناسی هەرێم پێشبینی بەفر بارین دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا و چەند رێنماییەکی خۆپارێزی بۆ هاوڵاتییان بڵاوکردووەتەوە.


ئەژی چەتۆ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، "پێشبینی دەكرێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی درێژەی بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەریی."

ئەژی چەتۆ راشیگەیاندووە، "بارستە هەواکە دەبێتە هۆی دابەزینی تەواوی پلەكانی گەرما و كەوتنی بەفر و شەختە بە شێوەیەكی بەرچاو، بە تایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەكان."

دەشڵێت، لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵیان، هاوڵاتییان پێویستە ئەم هەنگاوە خۆپارێزیانە بنێن:

-پۆشینی جل و بەرگ و گۆرەوی و كڵاو و دەستەوانەی ئەستوور و لەپێكردنی پێڵاوی شیاو كە لەگەڵ كەش و هەوای داهاتوودا بگونجێت، بە تایبەتیش بۆ منداڵان و بەساڵاداچووەكان.

-پێویستە لەسەر سەرجەم شوفێران، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان، تا بكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت دەرنەچن و ئۆتۆمبێلەكانیان لێنەخوڕن و ئەگەر ناچاریش بێت، ئەوا زنجیر لە تایەكاندا ببەسترێت، بە تایبەتی لەكاتی كەوتنی شەختەدا تا لە خزین و خلیسكان خۆت و ئۆتۆمبیلەكەت بپارێزی.

-تا زووە، پشكنینی بوونی ئاستێكی گونجاوی ماددەی (ئەنتی فریز – دژە بەستان) لەنێو (رادێتەر)ی ئۆتۆمبێلەكان بكرێت.

-پێش دەرچوونیان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە، منداڵان ئامۆژگاری بكرێن كە لە كاتی كەوتنی شەختە بە هیچ شێوەیەك بەسەر ئەو بارستانەدا نەڕۆن خۆیان لێ بە درووبگرن و لە رۆیشتنیش هەنگاوی خێرا نەهاوێژن و رانەكەن لە پێناو سەلامەتیان و دووركەوتنەوەیان لەهەر رووداوێكی خزین و خلیكسان و بەربوونەوە بەهۆی شەختەوە.

-تا بكرێت شلەمەنیی گەرم بخورێتەوە، چونكە پارێزگاریی لە گەرمی لەش دەكات و بڕی پێویستی یەكەی كایلۆریشی پێ دەبەخشێ بۆ پاراستنی لەش لە دابەزینی پلەكانی گەرمای.

-بەهیچ شێوەیەك نابێت هاوڵاتیان بیر لە ئەنجامدانی گەشت لەكاتی بارینی بەفر بكەنەوە، بە تایبەتیش بۆ ناوچە شاخاوی و تەنانەت زوورگییەكانیش، چونكە گۆڕانی دڕاماتیكی و خێراو هەرگیز چاوەڕوان نەكراو لەو ناوچانەدا روودەدەن و هیچ دەرفەتێك بە رزگاربوون نادات و تەنانەت تیمەكانی فریاكەوتنیش بە ئاسانی ناگەنە ئەو ناوچەو شوێنە سەخت و دژوارانە، ئەگەرنا، ژیانی خۆت و خانەوەداو هاوڕێكانت دەخەیتە نێو بازنەیەكی یەگجار زۆر مەترسیدارەوەو ئەوكاتەش پەشیمانی هیچ سوودێكی نییە.

-جوتیار و بەخێوكارانی ئاژەڵەكان بە تایبەتی، ئامادەكاریی پێشوەختەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی تا پێیان بكرێ بەرووبووم و ئاژەڵەكانیان لە نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما بپارێزن.

-خاوەن نەمامگە و خولیایانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان پێویستە تا بكرێت دار و درەختە ناسكەكان و قەفەسی گیاندارەكانیان بە شێوەیەكی تەندروست دابپۆشن یان ئەگەر دەكرێت دووریان بخەنەوە لەو شوێنانەی كە كراوەن یان زۆر زوو سارد دەبنەوە تا لە هەڕەشەی بەستانیان بپارێزن.

-بۆ ئەو ماڵانەی كە دەكەونە نێو ناوچە شاخاوییەكان كە بێگومان پلەی گەرمیی زۆر تیایدا نزمتر دەبێتەوە، پێویستە بڕێک ئاوی پاكی خواردنەوە لە ژوورەوە دابنێن كە لایەنی كەم بۆ ماوەی دوو تا سێ رۆژی خواردنەوە و پێداویستی سەرەكی ئەندامانی خێزان دابینبكات تا شەپۆلەكە كۆتایی پێدێت و ئەگەر بكرێت تانكییەكانی ئاو و بۆرییە دیارەكانی تۆڕی ئاو بەهەر چ شێوەیەک بێت دایبپۆشن تا لە هەڕەشەی بەستان و درز تێكەوتن و تەقینیان بپارێزرێن.

-تیمەكانی تایبەت بە راماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدابن.

-تیمەكانی شاخەوانی بەهیچ جۆرێک بیر لە ئەنجامدانی گەشتی تایبەتی خۆیان نەكەنەوە ئەگەر بۆ مەودایەكی نزمیش بێت لەكاتی چالاكبوونی بەفربارین.













گەلەری