لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستووریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، بەرەی سەدر، سوننە، پارتی وەک لایەنی یەکلاکەرەوەی ململانێکە بە ١٨٠ کورسی دەردەکەوێت، ئەگەرچی لە عێراقی دوای ٢٠٠٤ هیچ شتێک بەجێگیری نامێنێتەوە و دۆستەکان بەپێی کات و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن و رێککەوتنی دواساتەکان دەنگەکان یەکلایی دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی
ئێن ئاڕ تی، تایبەت بە ململانێ و دەنگەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هێزە عێراقییەکان
بەسەر چەند گروپێکدا دابەشبوون.
یەکەم: گروپی (سەدر،
سوننە، پارتی) کە خاوەنی ١٨٠ پەرلەمانتارن، بەم جۆرە: کوتلەی سەدر ٧٣ کورسی.
-تەقەدووم (محەمد
حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات ٣٧ ) کورسی.
-پارتی دیموکراتی
کوردستان ٣١ کورسی.
-سوننەکانی تر
٢٢ کورسی.
-پەرلەمانتاریی
سەربەخۆی شیعە ١٧کورسی.
دووەم: گروپی
(چوارچێوەی هەماهەنگی، یەکێتی) کە خاوەنی١٠٠ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە نزیکەی ١٠٠ کورسی دەبن کە پێک دێن لە
کوتلە شیعییەکانی نزیک لە ئێران، یەکێتی، چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، ٤ پەرلەمانتاری
کۆتای مەسیحی و چەند پەرلەمانتارێکی سوننە ( کە ١٤ کەسیان دەنگیاندا بە مەحمود مەشهەدانی).
سێیەم: گروپی(هاوپەیمانی
لەپێناوخەڵک و سەربەخۆکان) کە خاوەنی ٣٤ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە ٣٤ پەرلەمانتارن
کە بۆ هەر دوو پۆستی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەنگیاندا بە کاندیدانی
هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک.
گروپی بێلایەنەکان
(دەنگە بەتاڵەکان) ١٤ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە زۆر دیارنین و زیاتر لە پەرلەمانتاری
سەربەخۆ یاخود کەسایەتی ناو حزبەکانی ترن، کە لە دەنگدانەکاندا بێلایەن بوون و
کارتی دەنگدانیان بە سپی یان بەتاڵ پێشکەشکردووە، یەک پەرلەمانتاریش ئامادەی دانیشتنەکە
نەبوو.
کێ گەرەنتیکردووە؟
ئەگەرچی گروپی یەکەم
کە براوەی گێمی یەکەمی ململانێیەکە بوون و توانیان سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق (سەرۆک
و دوو جێگرەکەی بۆ خۆیان یەکلایی بکەنەوە)، بەڵام ململانێکانی پێکهێنانی حکومەت لە
١٧ ساڵی رابردوودا، دەرخەری ئەو راستییەیە هاوشێوەی ئاسایش و ئابورییەکەی وەلائی بەشێک
لە سیاسیەکانی عێراق سەقامگیر نییە.
بەپێی زانیارییەکانی
ئێن ئاڕ تی، گفتوگۆی هەمەلایەن هەیە لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا بۆ گۆڕینی بۆچوونی
سیاسییان و بەپێچەوانەی ٧٣ کورسی سەدر و ٣١ کورسی پارتی و بەشێک لە کورسییەکانی حەلبوسی،
نزیکەی ٥٠ کورسیەکەی دیکە گەرەنتیکراو نین، بە تایبەت ئێران و یەکێتی و بنەماڵەی کەربولی
کاردەکەن بۆ پەرتەوازەکردنی گروپی یەکەم و هاوتاکردنەوەی یارییەکە.
گۆڕانکارییەکان
هەرچییەک بن، عێراق لە ١٥ رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی گەرم و ململانێی توند بەخۆوە دەبینێت،
ساتێک بەهێمنی و هەندێکجار بە ئیمتیازات و بەشێک لە جارەکانیش بەچاوترسێنی و
سوتاندنی بارەگاکان (وەک لە کۆتایی هەفتەی رابردوو روویدا).