لە ئێستا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پارتی کاندیدێک و یەکێتیش دوو کاندیدی هەیە، سەرەڕای کاندیدی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پۆستەکە، بەپێی وتەی چاوگێکیش لە یەکێتییەوە، ئەو حزبە دەیەوێت تا خولەکەکانی کۆتایی پێداگری لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بکات لە ئەگەری رازینەبونی پارتیش لەتیف رەشید وەک کاندیدی خۆی دەناسێنێت.
تەنها چوار هەفتە مۆڵەت ماوە بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و هەڵبژاردنی لەناو پەرلەماندا، بەڵام ئێستا هەریەکە لە پارتی کاندیدێک و یەکێتیش دوو کاندیدی هەیە، سەرەڕای کاندیدی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
سەبارەت بە پارتی
و یەکێتی لەپاش پێداگری یەکێتی بۆ کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار،
لە بەرامبەردا پارتیش هۆشیاری زێباری کاندیدکرد، دوای کەمتر لە ٤٨ کاتژمێریش یەکێتی
لەتیف رەشیدی وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی بۆ پۆستەکە کاندید کرد.
هەرچەندە لەتیف رەشید
خۆی وەک کاندیدی یەکێتی ناناسێنێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان یەکێتی وەک پلان بی
ناوبراوی کاندیدکردووە، ئەو حزبە دەیەوێت تا خولەکەکانی کۆتایی پێداگری لەسەر مانەوەی
بەرهەم ساڵح و هەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستەکە بکات و قەناعەت بە پارتیش بکات چونکە بەهۆی
رێککەوتنی سەدر و حەلبوسی و بارزانی دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ و هەڵبژاردنەوەی
بەرهەم ساڵح بە سەرۆک کۆمار ئەستەمە.
بەپێی وتەی چاوگێکی
ئاگادار لە یەکێتییەوە، ئەو حزبە هێشتا دڵنیانییە کاندیدکردنی هۆشیار زێباری لەلایەن
پارتیەوە بۆ پۆستەکە بابەتێکی جددیە یان وەک کارتی فشار بەکاردەهێنرێت بۆیە دەیەوێت
تا دوا خولەکەکان پێداگری لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح بکات لە ئەگەری رازینەبونی
پارتیش ئەوا لەتیف رەشید وەک کاندیدی خۆی دەناسێنێت.
چاوگەکەی یەکێتی
بۆ ئێن ئاڕ تی راشیگەیاندووە، لە دوای هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و راگرتنی
کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکانی پارتی و یەکێتی پەیوەندی تەلەفونی لە نێوان بەرپرسانی
هەردوولا هەبووە بۆ کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکەی نێوانیان.
چاوگەکە دەشڵێت،
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دەستپێشخەرییەکی بۆ هەردوولا
خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بکرێت و رێککەوتن
بکرێت لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار و هاوکات بانگهێشتی حزبەکانی دیکەش بکرێت.
هاوکات، جوڵانەوەی
نەوەی نوێش رێبواری ئەوڕەحمانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدکردووە و رایانگەیاندووە،
تەنها پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتی کورد ناکەن و هێزی نوێش لە گۆڕەپانەکەدایە.