سەردێڕ:

روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر موچە و بودجە

PM:08:18:15/01/2022

28220 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هه‌رێم رایگەیاند، تا ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان داهاتی خۆیانی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی نه‌ناردووه،‌ بۆیه‌ نەیانتوانیوه‌ به‌پێی پێویست ئاماده‌كاریی بۆ پڕۆژەیاسای بودجه‌ی ٢٠٢٢ بكه‌ن.


پەروین محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هه‌رێم لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگه‌یاند، هەشت ساڵە پلانی داراییان نەبووە بۆ بودجە ئەوەش بەهۆی نەگەڕانەوەی داهات بۆ وەزارەتی دارایی.

باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی حکومەت بریاریدا بە گەراندنەوەی هەموو داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داهاتی خۆی نەگەڕاندووەتەوە بۆ ئەوان.

پەروین محەمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکارێکی دیکەی نەبوونی پلانی بودجەی ٢٠٢٢ پێکنەهێنانى حکومەت و پەرلەمانی عێراقە.

راشیگەیاندووە، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە تائێستا روون نیە ئایا هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بەردەوام دەبن لەسەر ئەو رێككەوتنەی ساڵی رابردوو كراوە یاخود نا، دەشڵێت، ساڵی پێشوو وەزارەتی دارایی پلانی بودجەی ٢٠٢١ی ئامادە کردبوو، بەڵام هەر بەهۆی نەناردنەوەی داهاتەکان بۆ ئەو وەزارەتە نەتوانرا لە کاتی خۆیدا بینێرینە پەرلەمان.

لە دوای ٢٠١٣ـەوە حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نییە و رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە تا پەسەند بکرێت و پەرلەمان بەرچاو روونبێت بەرامبەر داهات و خەرجییەکان.













گەلەری