بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ رێواز فایەق کۆبووەوە و پەیامی ئەوەی پێدا، "ئەو بەربەستانەی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان دروستکرابوون نەھێڵران."
بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی لەگەڵ
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا کۆبووەتەوە.
لە
راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گفتوگۆکراوە لەبارەی پشتگیری یەکێتی لە تیمی پەرلەمان
و حکومەت و ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتر لەنێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی
خەڵک و کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی ھاوڵاتییانەوە ھەیە.
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی
وتوویەتی، "ئێمە لە یەکێتی نوێ بە گرنگییەوە لە کاری پەرلەمان دەڕوانین و وەک
باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی چاودێری، پشتیوان و ھەماھەنگ دەبین تاوەکو سەربەخۆیانە
کارەکانی بکات و ئەو بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان
دروستکرابوون نەھێڵران."
ئاماژەی
بەوەشکردووە، "دڵنیام لە داهاتوودا بە توانا و لێھاتوویی تیمی یەکێتی لە پەرلەمان
و حکومەت خزمەتی زیاتر دەکەن و بەکارکردن لەسەر ئەو یاسا و پرۆژانەی کاریگەری لەسەر
باشترکردنی ئەزموونی ھەرێم ھەیە دەتوانن نموونەیەکی باشتری حکومڕانی پێشکەش بکەن."
ھاوسەرۆکی یەکێتیی
راشیگەیاندووە، "ئیتر رێگرییەکان نەمان و ھەموو کاروبارێکی حزبی و نوێنەرەکانمان
لە دەسەڵاتەکاندا دەبێت بە رێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات، کە ئەویش رێگای
خزمەتکردن و سیاسەتکردنی تەندروستە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا."