لە مانگی رابردوودا و لەکاتی روودانی لافاوەکەی هەولێر کە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی هەبوو؛ وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە رووماڵی تایبەتی ئێن ئاڕ تیدا رێنمایی هاوڵاتیانی کرد بەوەی بە چ شێوازێک لە لەکاتی باراندا خۆیان لە ئەگەری لافاو بپارێزن.
سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لە رووماڵە تایبەتەکەی ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوەکرد، پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی ماڵیان لەو ناوچانەوە نزیکە کە ئەگەری لافاوی هەیە، لەکاتی هاتنی شەپۆلەکانی باراندا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و تاوەکو بارانەکە تەواو دەبێت لە ماڵەکانیاندا نەمێنن.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر هاوڵاتیان لە ماڵەکانیشیان مانەوە،
لە نهۆمی یەکەمی ماڵەکانیاندا نەخەون و بچنە نهۆمی دووەم بۆئەوەی لە ئەگەری لافاو
و چوونە ژوورەوەی ئاودا بەدوور بن لە گیانلەدەستدان.
مانگی رابردوو بارانبارین بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە
شاری هەولێر و بەهۆیەوە بەدەر لە زیانی ماددی زۆر؛ زیانی گیانیش بەر هاوڵاتیان کەوت
و بەهۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، کە تەرمی دوو کەسیان بێسەروشوێن بوو و پاش ١٥
رۆژ تەرمێکیان دۆزرایەوە و تەرمی دانەری ١٠ مانگیش هێشتا نەدۆزراوەتەوە. ئەوە جگە
لە برینداربوونی چەند کارمەندێکی بەرگری شارستانیش.
لەکاتێکدا، ئەم رووداوە چەندین بارەیە و لەگەڵ بارینی
باراندا کە تەنانەت زۆرجار بڕەکەی کەمیش بێت، لافاو روودەدات و زیانی گیانی و ماددیشی
لێدەکەوێتەوە، تائێستاش حکومەت هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی نەگرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی
ئەو بابەتە، لەکاتی دووبارەبوونەوەشیدا، بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، "قەرەبووی زیانلێکەوتووان
دەکەینەوە".
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمشەو کەشناسی هەرێم هۆشدارییەکی
بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، "لەو ناوچانەى بارانى بەلێزمە
و کورتخایەنی تێدا دەبارێت و وهەورە تریشقەى تێدا روودەدات بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو
مسۆگەرە."
هـ.ئـ