سەردێڕ:

مژدە مەحمود لەسەر هێرشەکانی پارتی و یەکێتی بۆسەر نەوەی نوێ هاتەدەنگ

PM:07:39:13/01/2022

7804 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رایگەیاند، ھێرشەکانی پارتی و یەکێتی بۆسەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەرخەری ئەوەیە نەوەی نوێ رێگە راستەکەی گرتووە و سیاسەتێکی راست و دروست دەکات، دەشڵێت، "لە هەڵبژاردنی داهاتوو نەوەی نوێ موفاجەئەی زۆر گەورەتر تۆمار دەکات لەچاو موفاجەئەکەی هەڵبژاردنی عێراق."


مژدە مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڵاویکردەوە، "تەخوین و هێرشەکانی پارتی و یەکێتی بۆسەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرخەری دوو راستین، یەکەم نەوەی نوێ رێگا راستەکەی گرتووە و سیاسەتێکی سەربەخۆ و راست و دروست دەکات و ناچێتە ژێر هەژموونی ئەو دوو حزبەوە."

مژە مەحمود ئەوەشی نووسیوە، هێرشەکانی پارتی و یەکێتی ترسی دەسەڵاتە لەوەی لەداهاتوودا نەوەی نوێ نوێ بەرەو ھێزی یەکەمی کوردستان دەچێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەشڵێت، "دەسەڵات دەیەوێت بەتۆمەت و تەخوین کردنی نەوەی نوێ لانیکەم رێبگرن لە گەورەبوونی خێرای جوڵانەوەکە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی ئەوان دەیکەن زیاتر خەڵکی ھاندەدات پشتیووانی جوڵانەوەکە بن، چونکە ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە ناشرینە دژی کێ بێت بەرامبەرەکەی پێی جوان و خۆشەویست دەبێت".

باسی لەوەشکردووە، "ئێمە وەک نەوەی نوێ جگە لەوەی لە ئێستا و داھاتوو؛ ھاوشێوەی رابردوو بەھەڵوێستی باش و پشتیوانی ھاوڵاتیان و خزمەتکاری میللەتەکەمان وەڵامی دەسەڵات دەدەینەوە."

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەندامانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم چەند جارێک رەخنەیان لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ گرتووە بەوەی کاندیدیان هەبووە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەرامبەریشدا جوڵانەوەکە ئەوە بە "هێرشکردن بۆسەر ئەوان" ناودەبات و ئەمڕۆش رایانگەیاند، کە کانیدیان بۆ سەرۆک کۆمار هەیە.













گەلەری