سەردێڕ:

دادگای فیدراڵی: راگرتنی کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی کاریگەری لەسەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار نابێت

PM:07:25:13/01/2022

2896 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدڕاڵی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی بڕیاری راگرتنی کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر ماوە دەستورییەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کارەکانی دەستەی سه‌رۆكایه‌تی پەرلەمان "به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی" رابگرێت.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لەکارخستنی دەستەی هەڵبژێدراوی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە رۆژی ٩ی ئەم مانگە کە تێیدا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی دیاریکران کار ناکاتە سەر ماوە دەستورییەکان بۆ دەستنیشانکردنی تەواوی پۆستە باڵاکانی وڵات و لەناویشیاندا پۆستی سەرۆککۆمار بە نزیکترین کات لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان.

باس لەوەشکراو، تەنها لە یەک دۆخدا کاریگەری لەسەر ماوە دەستوریەکان دروست دەبێت ئەوەش ئەگەر بڕیار دەربچێت بۆ رەتکردنەوەی کۆبوونەوەی ٩ی کانونی دووەم؛ کە ئەوەش تا ئێستا بڕیاری لێنەدراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی هەردوو ماددەی ٥٥ و ٧٦ی یاسای عێراقی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەماوەی ١٥ رۆژدا سەرۆککۆماری پێشوو ئەندامانی نوێی پەرلەمان بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات بەمەبەستی دەستنیشانکردنی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان، وەک ئەوەی لە ٩ی ئەم مانگە روویدا.

هاوکات، ماوەی ١٥ رۆژ دیاریدەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق و دواتریش لەماوەی ١٥ رۆژدا پێویستە سەرۆککۆمار مەرسوومی یاسایی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ دەربکات و لەسەر سەرۆکوەزیرانیش پێویستە کابینەکەی لەماوەی مانگێکدا دەستبەکاربێت.













گەلەری