سەردێڕ:

سێ سیناریۆ بۆ بودجەی ئەمساڵ

PM:04:10:13/01/2022

7964 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، لەبەردەم سێ سیناریۆدا خۆی دەبینێتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان نزیکترینیان پەسەندنەکردێنتی بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت تا مانگی ئازار.


پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، وەزارەتی دارایی کۆتایی بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ هێناوە، بەڵام نەیتوانیوە رەوانەی پەرلەمانی بکات.

لەو بارەشەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "پەرلەمان" رایگەیاند، پەرلەمان تا ئێستا پێداچوونەوەی بۆ رەشنووسی بودجە نەکردووە".

ئاماژەی بەوەشداوە، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بودجەکەدا دیاریکراوە بە ٥٠ بۆ ٦٠ دۆلار. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەرجییەکانی کەرتی نەوت لە عێراقدا بەرزە، هەر بەرمیلێلک پێویستی بە ١٢ بۆ ١٣ دۆلارە.

جەمال کۆچەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێدەچێت پرۆژەیاسای بودجە پەسەند نەکرێت لە ئێستادا، بەتایبەت لە دوای ئەو لێدوانانەی وەزیری دارایی پێشکەشیکرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو کە حکومەتی عێراق لە پاش ١٠ ساڵی تری داهاتوو ناچار دەبێت کارمەندەکانی بنێرێتەوە ماڵ.

وتیشی، یەکەم سیناریۆی بودجە لە ئێستادا، بریتییە لە پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت و پاشان دەنگ دەدرێت لەسەر پرۆژەیاساکە لە مانگی نیساندا، دووەم سیناریۆش ئەوەیە کە حکومەت یاسایەکی نوێ پەیڕەوبکات، ئەو کاتە کەمێک دوادەکەوێت تا مانگی تەمموز یاخود دواتریش.

تایبەت بە سیناریۆی سێیەمیش جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، رەنگە پێکهاتنی حکومەت دوابکەوێت، ئەو کاتە هیچ بودجەیەک بۆ ئەمساڵ نابێت، ئەو کاتە میکانیزمی خەرجی ١/١٢ پەیرەودەکرێت بە گوێرەی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ و بەپێی یاسای بەڕێوەبەرایەتی یەکێتیی دارایی.

لە لایەکی دیکەوە، عەبدورەحمان مەشهەدانی، شارەزای ئابوری رایگەیاند، زانیارییەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ بەردەست نین جگە لە نرخی بەرمیلێک نەوت کە لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ دۆلاردا دەبێت.

وتیشی، "پێشبینی دەکەین بودجەی ئەمساڵ وەک ساڵی ٢٠٢١ بێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکەوتە دەستوورییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە حکومەت لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئازاردا پێکدێت، تاوەکو پاش ئەوە پێداچوونەوەی بودجەکە دوو هەفتە دەخایەنێت و پاشان پرۆژەیاساکە دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.

مەشهەدانی لەو باوەڕەدایە، پەرلەمان بە لایەنی کەمەوە پێویستی بە سێ مانگە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاساکە و پاشان دەنگی لەسەردەدرێت، بەوەش دەگاتە مانگی حوزەیران.













گەلەری