بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لەبارەی راگرتنی دەوام لە قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە و دواخستی تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆ بۆ رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو ئاگادرییەکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لەبەر ئەوەی پێشبینی لافاو نەدەکرا چڕی باران لە کاتژمێر ٧:١٥ تا ٧:٤٥ خولەک زۆر زیادیکرد، بۆیە بە ناچاری بەر لە دەستپێکی تاقیکردنەوەکان تاقیکردنەوەی ئەمڕۆمان دواخست و کرا بە پشوو لە قوتابخانەکان بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان."
لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، هەندێک قوتابخانە درەنگ ئەو
ئاگادارکردنەوەیان پێ گەیشتووە بۆیە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
١-لەهەر
قوتابخانەیەک تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ ئەنجامدرابێت ئەوا ئاساییە هەژمار بکرێت و ئەگەر
هەر قوتابیەک لەم قوتابخانانە نەیتوانیوە تاقیکردنەوە ئەنجام بدات، ئەوا بەپێی رێنمایی
ئەزموونەکان لە هەفتەی یەکەمی وەرزی دووەم تاقیکردنەوەی پێی بکەنەوە.
٢-ئەو
قوتابخانانەی ئەمرۆ تاقیکردنەوەکانیان دواخستووە ئەوا تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ دەبێتە شەممە
و خشتەی تاقیکردنەوەکان رۆژێک دەچێتە دواوە و وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.
٣- چەند قوتابخانەیەک لە سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاو
چووەتە ناو قوتابخانەکانەوە و رەحلە و هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان تەڕبوون و زیانیان هەبووە،
داواکارین بە زووترین کات لە رێگای پەروەردەکانەوە ناوی قوتابخانەکان و جۆری زیانەکەمان
بۆ بنێرن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە شاری هەولێر
لافاو دروستبووەوە و بەهۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەوامی سەرجەم
قوتابخانە و خوێندنگاکانی راگرت و تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی خستە رۆژی شەممەی هەفتەی
داهاتوو جگە لە ئیدارەی سۆران.
مانگی رابردووش هەر لە هەولێر لافاو روویدا و بەهۆیەوە
١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و تا ئێستاش تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە.